دوشنبه , ۲۶ آذر ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / ڕاپەڕاندنی خوێندن بە زمانی یەکەم ئەرکێکی یەکجار گرینگە/د.جه‌عفه‌ر شێخولیسلامی

ڕاپەڕاندنی خوێندن بە زمانی یەکەم ئەرکێکی یەکجار گرینگە/د.جه‌عفه‌ر شێخولیسلامی

پڕۆفسۆری‌هاوکار لە بواری زمانناسی کارپێکەرانە و شیکردنەوەی وێژمان

رۆنان: به‌ڕێز دکتۆر جەعفەرشێخولیسلامی‌تکایه سه‌ره‌تا خۆتان بناسێنن و ئاماژه‌یه‌ک به ره‌وتی خوێندن و به‌رهه‌م چالاکییه‌کانتان بده‌ن.

د. شێخولیسلامیساڵی ١٩٦٠ لە مەهاباد لە دایکبووم. هەر لەو شارەش خوێندنی هەتا دیپلۆمم تەواو کرد. دوایە، بڕیار بوو کە لە بواری بەرق دا بخوێنم، سەرەتا لە تەورێز و پاشان لە تاران. کەلکی نەبوو. لە سەرەتای هەشتاکاندا، وەکوو نووسەر، وەرگێڕ و شانۆنووس و دەورگێڕ لە ڕادیۆ مەهاباد و، دوایەش، بەشی کوردی ڕادیۆ تاران کارم کرد. هەر لەو ماوەیەدا، دەستم کردبوو بە نووسینی شیعر، کورتەچیرۆک و وتاری ئەدەبی. هەندێک لە ئەمانەم کاتی خۆی لە گۆڤاری سروەدا بڵاو کردنەوە. لە ساڵی ١٩٨٨ەوە لە کەنەدا دەژیم. ئەوەندەی کە خەمی‌نان و خوێندن بواریان پێدابم، بە کوردی نووسیومە و وتووێژم کردووە، بە تایبەت لە سەر بابەتەکانی زمان، میدیا و ئەدەب. نووسینە کوردییەکانم لە گۆڤارەکانی مامۆستای کورد، وان، خەرمانە، سەردەمی‌نوێ و هتد بڵاو بوونەتەوە. بەڵام، ڕاستەقینە ئەوەیە کە، لە بەر ژیانی ئەکادیمیم لە کەنەدا، زۆربەی نووسینە ئەکادیمیەکانم بە ئینگلیسی دەرچوون، بێجگە لە دوو کۆمەڵە شیعر کە یەکەمیان ساڵی ١٩٩١ لە کەنەدا (چیا و کۆچ و چەمەر) و دووهەمیشیان ساڵی ٢٠١٣ لە هەولێر و لە لایەن یەکیەتی نووسەرانی کوردەوە (ڕاسپاردە) دەرچوو. چەند وتارێک لە ئەمانە کراون بە کوردی و لە زرێبار، ڕامان و هتد دا بڵاو کراونەتەوە. نزیکەی پازدە ساڵە بە زمانی ئینگلیسی مامۆستام. بە کورتی لەم بوارانەدا خوێندوومە: بەکەلۆریا/کارشناسی: زمانناسی گشتی؛ ماجستێر/کارشناسی ئەرشەد: زمانناسی کارپێکەرانە/کاربردی؛ دوکتۆرا: پێوەندییە گشتیەکان/کۆمیونیکەیشن. بيجگە لە دەیان وتاری ناو گۆڤارە زانستیەکان، کتێبەکان و ئینسایکلۆپیدیا جیهانیەکان، کتێبێکم لە لایەن چاپەمەنی “پاڵگرەیڤ مەکمێلن”ەوە بڵاو بووەتەوە: ناسنامەی کوردی، وێژمان و میدیای نوێ، ٢٠١١ (Kurdish Identity, Discourse and New Media, 2011). هەروەها، ساڵی ٢٠١٢، بە‌هاوکاری د. ئەمیر حەسەنپوور و لێکۆڵەری نێونەتەوەیی بواری مافی زمانیی، واتە د. تۆڤە سکوتنەب-کانگس، ژومارەیه‌کی تایبەتی گۆڤارێکی زانستی جیهانیم بڵاو کردەوە. ئەمە یەکەمجار بوو کە گۆڤارێکی جیهانی ژومارەیەکی تەواوی خۆی تەرخان بکات بە زمانی کوردی. ناوی گۆڤارەکە ئەمەیە: گۆڤاری نێونەتەوەیی کۆمەڵناسی زمان، ژومارە ٢١٧ (International Journal of the Sociology of Language, No. 217). یەکێک لە وتارەکانی ناو ئەم ژومارە تایبەتیە بریتیە لە لێکۆڵینەوەیەکی خۆم لە سەر هەلومەرج، مێژوو و قانوونی زمانی کوردی لە ئێران. لەو وتارەدا باسی ئەمە دەکەم کە قانونی وڵاتی ئێران لە سەر زمان چی دەڵێ و حکومەتە جۆراوجۆرەکان چۆن لە گەڵ کوردی بەرەڕوو بوونەتەوە و، کوردەکان خۆیان چیان کردووە بۆ ئەوە کە زمانەکەیان نەفەوتێت (ناوی وتارەکە: کوردی لە ئێران: نموونەیەک لە تەحەمولی سنووردار و کونتڕۆڵکراو—Kurdish in Iran: A case of limited and controlled tolerance). ئێستاش بە پەرۆشەوە و، جاروبارەش بە هیواوە، چاودێری هەلومەرجی زمانی کوردی بە گشتی و، لە کوردستانی ئێران و عێراق بە تایبەتی، دەکەم و لێیان دەکۆڵمەوە. ئێستا لە بەشی زمانناسی زانستگەی کارلتۆن، لە شاری ئۆتاوا، کەنەدا، پرۆفیسیۆری‌هاوکارم. ئەو کۆرس و واحیدانەی دەیانڵيمەوە بریتین لە ئەمانە: شیکردنەوەی ڕەخنەگرانەی وێژمان؛ زمانناسی ئەرکی (هالیدەی)؛ پلانداڕێژیی و قانوونی زمانیی؛ زمانناسی کۆمەڵایەتی؛ بناغەکانی زمانناسی کارپێکەرانە/کاربردی؛ شیکردنەوەی دەقی نووسراو و هتد. هەر لەم بوارانەش دا، هەر ئێستا، ساڵی ٢٠١٥، سەرپەرشتی تێزی نزیکەی ٤ خوێندکاری مەجستر (کارشناسی ئەرشەد) و ٦ خوێندکاری دوکتۆرا دەکەم (بەداخەوە هیچکام لە ئەمانە لە سەر کورد یان زمانی کوردی کار ناکەن؛ بۆ خۆم زۆر حەزدەکەم کە خوێندکاری کوردم هەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی کە گەرەکیانە لە لای من بخوێنن یان زمانی ئینگلیسی باش نازانن، یان پارەیان نییە کە بێن بۆ کەنەدا—پارە بۆ خوێندکاری ‌نێونەتەوەیی یان نییە یان زۆر کەمە، کەمەکەش بۆ ئەوانەیە کە مەعەدەلیان لە سەرووی ١٨ و ١٩ یە). جگە لە چەند پرۆژەیەکی لێکۆڵینەوە کە بەدەستمەوەن، دوو ساڵە خەریکی ئامادەکردنی فەرهەنگێکی کوردی-ئینگلیسی م.

رۆنانجه‌نابتان وه‌کوو پسپۆرێکی به‌شی زمان که ته‌مه‌نێکه له‌و بواره‌دا به ئه‌زموونی ئاکادیمیانه‌‌وه کارتان کردوه، دامه‌زراندنی کورسیی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی بۆ یه‌که‌مین جار له وڵاتی ئێران و زانکۆی کوردستانی شاری سنه چۆن ده‌نرخێنن؟

د. شێخولیسلامیئەمانە بە هیچ جۆر بەس نین، بەڵام وەکوو دەستپێک، هەنگاوگەلێکی بەنرخن بەو مەرجە کە بکەونە کردەوە، لە لایەک و، زۆرتر لە ئەمەشیان بەدواوە بێت، لە لایەکی ترەوە. لە بیرمان نەچووەتەوە کە ساڵی ٢٠٠٣ش بڕیار بوو پرۆگرامێکی لەم چەشنە لە زانکۆی کوردستان دەست پێبکات و، ئامادەکاریشی بۆ کرا. بەڵام، مامۆستاکانی بەرپرس تەنیا ئەو ڕۆژە لە پووچەڵبوونەوەی پلانەکە لە لایەن بەرپرسانەوە ئاگادار بوونەوە کە بڕیار بوو خوێندکارەکان یەکەم کلاسیان دەست پێبکەن. سەبارەت بە ئەوە کە لە پۆلەکانی ١-٣ ناوەندی (متوسطە)ش کوردی وەکوو بابەت بخوێندرێت، دیسان لە نەبوون هەر باشترە، بەڵام لێکۆڵەران دەپرسن: بۆچی خوێندنی کوردی لە پۆلەکانی سەرەتاییەوە نەکرێت، واتە لەو کاتەدا کە فێرخوازەکان کوردی لە هەموو زمانێک باشتر دەزانن. هەروەها، لەو کاتەدا کە لە ڕاستیدا جگە لە کوردی ڕەنگە هیچ زمانێکی تر نەزانن. پرسیارێکی تریش ئەمەیە: ئایا ئەو کوردییە، لە پۆلی ١-٣ی ناوەندیی، چۆن و لە لایەن چ کەسانێکەوە دەگوترێتەوە؟ ئایا زەمینەکانی گوتنەوەی کوردی، بە شێوەیەک کە فێرخوازەکان لە زمانی خۆیان بێزار نەکات، ئامادە کراوە؟ ئایا مامۆستای زمانی کوردی هەیە؟ ئایا وانەکان بەشێوەیەکی سەردەمییانە یان لە سەر هەمان شێوازی کەونارا ئامادە کراون؟ ئەم پرسیارانە زۆر گرینگن، چونکە ئەگەر لە سەرەتاوە کوردی بە ڕێکوپێکی نەگوترێتەوە لەوانەیە هەم فێرخوازەکان و هەمیش دایکوباوکەکان ڕازی نەبن و تەنانەت لە زمانی خۆشیان بێزار ببن. نموونەی لەم چەشنە لە شوێنی تر و لە وڵاتی تر ڕووی داوە. ئەمە مەترسییەکە کە دەبێ لە بەرچاو بگیردرێ.

رۆنانناوه‌ند و زانکۆی رۆژئاوایی چۆن و له چ ئاستێکدا ئاوڕیان له زمانی کوردی داوه‌ته‌وه؟ ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی ده‌ره‌وه تا چه‌نده له بووژانه‌وه و په‌ره‌پێدانی زمانی کوردیدا لانی که‌م له ئاستی ئاکادیمیا سه‌رکه‌وتوو بوون؟

د. شێخولیسلامیئەو ئاوڕدانەوانە زۆربەیان هەوڵی تاکەکەسی بوون. زۆربەی کاتان ئەو کەسانەی کە بە گشتی کاریان لە سەر زمانە ئيرانییەکان یان زمان و کولتوورە ئۆرییەنتالەکان کردووە ئاوڕێکیشیان وە زمانی کوردی داوەتەوە، بۆ وێنە ئۆسکارمان ی ئاڵمانی، دیڤید مەکەنزی ئینگلیسی، یان جۆیس بلۆ ی فەڕانسەویی. هەندێک جاریش کەسانێکی وەکوو من و چەند دۆستێکی دیکە هەبوون کە لە بەشی ئێرانناسی یان رۆژهەڵاتناسیش نەبوون بەڵام ئەو دەرفەتەیان بۆ ڕەخساوە کە بەشێک لە کاری لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیان بۆ زمانی کوردی تەرخان بکەن. جاروبارە و لێرە و لەوێ، کۆرس و واحیدی کوردی هەبوون. بۆ نموونە، ساڵەکانی ٢٠١١-٢٠١٣ چەند کۆرسێکی زمان و کولتووری کوردی لە زانکۆی “میدڵ تێنيسی ستەیت یوونیڤێرسیتی-Middle Tennessee State University) پێشکەش کران. بەڵام، زۆربەی ئەم کۆرسانە، پاشی ماوەیەک، لە بەر هۆی جۆراوجۆر، ڕادەوەستن. بەردەوامترینی ئەمانە ئەو کۆرس و پرۆگرامانەی مەستر و دوکتۆران کە لە ناوەندی موتالەعەکانی کوردی، کە لە ناو ئەنستیۆری موتالەعەکانی عەرەبی و ئیسلامی، لە زانستگەی ئێگزێتر، لە ئینگلستان، لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە، پێشکەش دەکرێن. بێجگە لە ئەمە کە لە بواری کوردناسیی دا بەڵگەنامەی مەستەر و دوکتۆرا دەدەن، وانەی دوو شێوەی زاری کوردیش، کورمانجی و سۆرانی، بە خوێندکاران دەلێنەوە. هۆی بەردەوامی‌ئەمانەش ئەوەیە کە پشتیوانی ماڵی لە لایەن کوردەوە بۆ دابین کراوە، کە ئەمەش بریتیی بووە لە دوو سەرچاوەی سەرەکی: “دەزگای برایم ئەحمەد” و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی‌کوردستان، کاک نێچیرڤان بارزانی، بە گوتەی ماڵپەری ڕەسمی‌ئەو بەشە: http://socialsciences.exeter.ac.uk/iais/research/centres/kurdish/about/

لە هەندێک شوێنی تر وەکوو فەڕانسە (نموونە: ئەنستیتووی کوردی)، ئاڵمان، سوێد (نموونە: کتێبخانەی کوردی) و چەند شوێنی دیکەش بنکەی کولتووری، کتێبخانە و تەنانەت کلاس و وانەی زمانی کوردیش هەیە. لە وڵاتانی سکاندیناویی، هەندێکی دیکەی وڵاتی ئوڕووپایی، ئوسترالیا و کەنەدا وانەی کوردی بە خەرجی حکومەت هەیە، بۆ نموونە ڕۆژەکانی شەممە کە کاتی پشوودانە. لەو شوێنانە، ئەگەر مامۆستا هەبێت و نزیکەی ٢٠ منداڵیش ناوی خۆیان بنووسن، کلاسی کوردی دادەمەزرێ. بەڵام، بەداخەوە زۆر جاران، بە تایبەت لەو وڵاتەی منی لێدەژیم، واتە کەنەدا، ئەمە سەرناگرێ. هۆی سەرەکی ئەمەیە کە ژومارەیەکی کەمی‌قوتابی خۆیان بۆ کلاسی کوردی ناونووسی دەکەن. دایکوباوکەکانیش بە زۆر پێیان ناخوێنن و ڕەنگە هەر حەزیشی پێنەکەن، بە تایبەت کوردی ئێران. هەندێکیان منداڵەکانیان دەنێرن بۆ کلاسی فارسی نەک کوردی. دەلیلیشان ئەمەیە کە دەڵێن ئەگەر ڕۆژێک بگەڕێینەوە، یان تەنانەت منداڵەکەم بە سەردان بچێتەوە،زۆرتر کەلک لە فارسییەکەی وەردەگرێ نەک کوردییەکە، چونکە لە ئێران خوێندنەوە و نووسین بە کوردی باوی نییە و بایەخیشی نییە. واتە، زۆربەی بنەماڵەکان بە دیدێکی ئابووری و پراگماتیکەوە چاو لە بابەتە دەکەن. ئەمەش بۆ لۆمە کردن نابێت. واتە، کە دەسەڵاتت نەبوو، کە زمانەکەت زمانی پەروەردە و بەرهەمهێنان و پووڵ دروستکردن نەبوو بایەخی سەرمایەی نابێ. بە قەولی “بۆردیۆ”، ئەگەر ئەو بایەخی ئابووریشی نەبوو، زمان وردە وردە ڕەنگە بایەخەکانی دیکەشی لە دەست بدات.

لە سوێد، چونکە پشتیوانی حکومەت بۆ زمانی کەمینەکان زۆرترە، منداڵەکان باشتر فێری زمانی کوردی دەبن. لەوێ دەتوانن لە پاڵ سوێدی و زمانەکانی دیکە کوردیش وەکوو واحیدێکی قوتابخانە هەتا پۆلەکانی دوایی بخوێنن. حکومەت بە دەیان مامۆستای تەواو وەخت و دامەزراوی کوردی هەیە کە رۆژانە بە قوتابخانەکاندا دەگەڕێن و بە پێی پێویست وانە بە منداڵە کوردەکان دەڵێن. سەرەڕای ئەمانەش، لە دەرەوەی وڵاتیش کەمینەی وەکوو کورد هەر کەمینەترە لەو گرووپ و زمانانەی کە لە شوێنێکی دیکە دەسەڵات و وڵاتی خۆیان هەیە، وەکوو فارسی، عەڕەبی، چینی و هتد. ئەمانە، لە لایەکەوە، جڤاتی زەنگین و دەوڵەمەندیان لێرە هەیە کە دەتوانن پشتیوانی هەڵسووڕانە فەرهەنگیی و زمانییەکانی خۆیان بکەن. تەنانەت دەتوانن قوتابخانەیەکی تەواو، بە شێوەی یاسایی، بە زمانی خۆیان هەبێ کە تێیدا منداڵەکانیان بە دوو زمانی ئینگلیسی و عەرەبی، بۆ نموونە، هەتا پۆلی ١٢ بخوێنن. زۆرتر لەمەش، وڵاتەکانیشیان بە هەبوونی کۆنسول و بنکەی فەرهەنگی و زمان و هتد پەرە بە زمان و کولتووری خۆیان دەدەن. تا ئێستا ئەمانە بە کورد نەکراون. ئەو حکومەتەی باشووریش کە نە تەنیا لە دەرەوەی وڵات گوێی لەم چالاکیانە نەبووە، بە بیانووی ئەمە کە گرفتیان زۆرە، بەڵکوو هەر لە ناو خۆشیان ئەوەی کە بۆیان گرینگ نەبووە بریتی بووە لە زمان و پەروەردە.

رۆنانکرانه‌وه‌ی درگای سیسته‌می‌خوێندن له تورکیا به‌ڕووی زمانی کوردیدا له چ ئاستێکدایه؟ ئایا له‌وێیشدا ته‌نیا سیاسه‌تی فێرکاری زمانی کوردی له ئاستی چه‌ند زانکۆی دیاریکراودا به‌ڕێوه ده‌چێت یان به‌ربڵاوتره؟

د. شێخولیسلامیلە ساڵەکانی سەرەتای ٢٠٠٠ەوە هەندێک ئاڵوگۆڕی بەرچاو لە ئاست زمانی کوردی لە تورکیە یان لە باکووری کوردستان‌هاتوونەتە ئاراوە. دەتوانین بڵێین کە هەرچەند تورکیە بۆ نزیکەی ٧٠ ساڵ نکۆڵی لە بوونی کورد و زمانەکەی کرد، لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا هەندێک هەنگاوی پۆزەتیڤ لە تورکیە هەڵگیراون، دیارە لە سایەسەری خەباتی کوردی باکوورەوە، کە هێشتا لە ئێران تاقی نەکراونەتەوە. بۆ نموونە، چاپەمەنییەکی یەکجار زۆری کوردی بە چاوی خوێنەران شاد بوونە.تەلەڤیزیۆنێکی ٢٤ ساعەتەی حکوومەتی بە شێوەیەکی بەردەوام و چالاک کار دەکات. لە “زانستگەی ئارتوکلو-ی ماردین” و “زانستگەی ئالپارسلان-ی مووش” پرۆگرامی‌لیسانی زمان و ئەدەبی کوردی چەند ساڵە بەردەوامە. هەرچەند فێرگە تایبەتییەکان (نەک دەوڵەتی) چەند ساڵە ئازادن کە کوردی بڵێنەوە، لە ٢٠١٢ەوە قوتابی فێرگە دەوڵەتییەکان بۆیان هەیە کە زمانی کوردی وەکوو واحیدێکی ئیختیاری، لە پۆلەکانی ٦-٨، بۆ دوو ساعەت لە حەوتوودا، بخوێنن. لە ٢٠١٤، دەوڵەت ڕازی بوو کە کوردی تەنانەت ببێت بە زمانی پێخوێندن لە فێرگە تایبەتییەکاندا. هەر لە ٢٠١٤ دا، ‘کۆمەڵەی زمانەوانی تورکی/تورکیە’، کە بەرانبەری ‘فەرهەنگستان’ی ئێرانە، بۆ یەکەمجار فەرهەنگێکی دوو-زمانە (تورکی-کوردی) و دووسەرە (کوردی-تورکی) ئامادە و بڵاو کردەوە. هەرچەند ئەمانەش هێشتا نابن بە بەڵگە کە بڵێین مافی زمانیی کوردەکانی باکوور دابین کراوە، گرینگی ئەم هەنگاوانە بۆ مانەوە و بووژانەوەی زمانی کوردی لە تورکیە حاشاهەڵنەگرە. ئەم هەنگاوانە بە بێ گرفت و بۆشاییش نەبوون. بۆ نموونە، ئەوانەی کە لەو زانکۆیانە دەورەی کارشناسی کوردیان تەواو کردووە هێشتا کاریان وەگیر ناکەوێ. بۆ؟ چونکە فێرگەی دەوڵەتی هەر بە تورکییە. ڕەنگە ئێستا وردە وەردە بتوانن ئەو کۆرسە کوردییانە بڵێنەوە کە بڕیارە قوتابی بۆی هەبێ لە پلەی ناوەندیدا هەڵیانبگرێ. ئەم کۆرسانە ئیختیارین. دایکوباب و قوتابی پرسیارێکی زۆر مەعقوول لە خۆیان دەکەن: بۆچی کۆرسی کوردی بخوێنم؟ بە کەلکی چی من دێت، یان بە کەلکی چی منداڵەکەم دێت؟ هەر ئەوەندە بەس نییە کە بڵێین فێربوونی زمانی زگماکی بۆ ناسنامە باشە. ناسنامەی ئیتنیکی کەسێک زەحمەتە جیا بکرێتەوە لە کار و ژیانی ڕۆژانەی ئەو کەسە. زمان کاتێ بایەخی ڕاستەقینەی خۆی پەیدا دەکات کە بەشێکی جیانەکراوەی مرۆڤەکان بێت، واتە تەنیا کەرەسەی قسەکردنی رۆژانە و گۆرانی گوتن نەبێ. مرۆڤی سەردەمی‌ئەوپەڕ مۆدێڕنیتە و بە جیهانیبوون لە زۆر لایەنی دیکەوە خۆی لە زماندا دەدۆزێتەوە، وەکوو لە کار، لە بازار و کاروکاسبی دا، لە نووسیندا، لە سینەمادا، لە ڕۆماندا، و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. هەتا کوردی لەو بوارانەدا، بە تایبەت بواری کار و خوێندندا پلە و پایەی زمانێکی ڕەسمی‌نەبێت لەوانەیە کە لە لایەن ئاخێوەرانی خۆشیەوە بە جیدی وەرنەگیرێ. با ئاشکراتر ئەمە بڵێم. ئەگەر منداڵێک بزانێ کە فێربوونی دوو دەرسی کوردی هیچ لە شانسی ئەو زیاد ناکەن کە ئیشی باشتر یان ئیش ئاسانتر بدۆزێتەوە، یان شانسی چوونە زانکۆی زۆرتر دەکات، بۆچی فێری بێت؟ ئایا هەر بۆ ئەوەیە کە لە ماڵ و گەڕەک قسەی پێبکات؟ هەر ئێستاش دەتوانێ ئەم کارە بکات. هەڵبەت، ڕەنگە لە تورکییە ئەمە کەلکی ئەمەی هەبێت کە منداڵەکان و تەنانەت زۆرێک لە گەورەکانیش لە گەڵ زمانی زگماکی خۆیان ئاشنا بکرێن یان فێری خوێندنەوە و نووسین ببن. ئەوەی کە بەڕاستی پێویستە سەربگرێ و ئەساسییە ئەمەیە: کوردەکان بە زمانی خۆیان بچن بۆ فێرگە، بە تایبەت لە پۆلی یەکەوە هەتا پۆلی هەشت. لە پاڵ کوردیش، دەبێ نەک هەر تورکی فێر بن، بەڵکوو لە پۆلی ٩ بەو لاوە وانەش بە تورکی، پاشانیش ئینگلیسی بخوێنن. بۆ تورکیە، یاسای سێ زمانەی هیندوستان زۆر باش دەگونجێ.

رۆنانپاش بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی دامه‌زراندنی کورسی زمانی کوردی، هه‌ندێ که‌سایه‌تی ناوه‌ندنشین له ئێران دژکرده‌وه‌ی نه‌رێنییان نواند و ئه‌م هه‌ڵوێستانه پێشتریش له بۆنه‌کاندا وه‌کوو ساڵرۆژی زمانی دایکی که داخوازییه‌کان به‌رز ده‌بوونه‌وه ده‌بیستران، تا چه‌نده ئه‌م دژکرده‌وانه که له‌لایه‌که‌وه ئاماژه به لاوازی و نه‌زۆکیی زمانه لۆکاڵه‌کان ده‌ده‌ن له ده‌ربڕینی فیکری و زانستیدا و له لایه‌کیتره‌وه به مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر‌هاوگرتوویی و ئاسایشی وڵاتی مه‌زه‌نده ده‌که‌ن، خاوه‌نی بنه‌ما و به‌ڵگه‌ی شیاو و راسته‌قینه‌ن؟

د. شێخولیسلامیبۆ من، بەشێکی زۆری ئەو دژکردەوانە جێگای تێگەیشتنن، لە بەر ئەوە کە ئایدیۆلۆژیی یەک-نەتەوە، یەک دەوڵەت، یەک کولتوور و یەک زمان زۆر بە قووڵی ڕیشەی داکوتاوە، نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو لە زۆربەی جیهان. لە ئێران، ئەم ئایدیۆلۆژییە لە سەردەمی‌ڕەزاخانی پەهلەوییەوە بە زۆر داسەپێندرا. هەرچەند دوایە تا ڕادەیەک کەمڕەنگ بووەوە، ئەم ئایدیۆلۆژییە بە شێوەیەکی تا ڕادەیەک نهێنی و لە ژێر ناوی دیکە وەکوو پاراستنی “تمامیت ارضی”، “زبان مشترک” و پێشگرتن لە “جیاوازیخوازیی” و هتد درێژەی بە خۆداسەپاندن داوە. لە لایەکی دیکەوە، دەرفەت نەبووە کە لە کەشوهەوایەکی ئاوەڵا و ساغدا باسی خوێندن بە چەندزمان یان هەبوونی چەند زمانی ڕەسمی‌بکرێت. دەرفەت نەبووە کە بڵێین: خوێندنی زمانی زگماکی و خوێندن بە زمانی زگماکی چەندین لایەنی هەیە: مافی مرۆڤ، بە تایبەتی مافی منداڵ؛ مافی خوێندن و هەبوونی پەروەردە بۆ هەموو منداڵێک بە تایبەت بە زمانی زگماک؛ باشتربوونی دەروون سایکۆلۆژی و متمانە-بە-خۆ-ی منداڵ؛ مسۆگەرتر بوونی ناسنامەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی؛ وەدیهێنان و پتەوکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و نێوان-ئیتنیکی. لەو ساڵانەی دواییدا، بەختەوەرانە، هەندێک رۆشنبیر و نووسەر و ئەکادیمی‌ئێرانی بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات گرینگایەتی خوێندن بە زمانی یەکەمیان بۆ دەرکەوتووە. هەندێکیش لە بەر چاویلکەی ناسیۆنالیزمی‌بەرچاوتەنگ هەر ئەوە دەڵێنەوە کە خۆیان دەیزانن. هەندێکیش هەر بەڕاستی لە بابەتەکە نازانن، لە بەر ئەوەشە کە دەترسن. بە گشتی، ئینسانەکان لەو شتانە دەترسن کە تێیان ناگەن. هی وا هەیە کە هەرکات گوێی لە “خوێندن بە زمانی زگماکی” دەبێت، پێی وایە کە مەبەست ئەمەیە کە مندالی کوردزمان بە زمانی فارسی نەخوێنن. ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە. لە بیرەوانان و چالاکانی خوێندن بە زمان زگماکی من هیچکەسێکی مەعقوول و شارەزا ناناسم کە پێشنیاری ئەوتۆ بکات. بەڵکوو ئەمانە دەڵێن، کەم منیش لە گەڵیان‌هاوڕام، مافی زمانیی بۆ کەمینەکان هەر ئەمە نییە کە بتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن بەڵکوو ئەمەشە کە بتوانن زمانی سەرەکی وڵات زۆر بە باشی فێرببن چونکە ئەمە پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لە گەڵ ژیانی داهاتوو، سەرکەوتوویی ئابووری و هتدی هەموو تاکێکی ئێرانی. بە کورتی، خوێندن بە زمانی زگماک نابێت بە واتای وەلانانی فارسی بێت. هەروەها، منداڵێک بە زمانی یەکەمی‌دەچێتە فێرگە، ١. زمانی دووهەم و سێهەم و چوارەم باشتر فێر دەبێت؛ ٢. زۆرتر حەز لە فێرگە دەکات و جێی ناهێڵێت؛ ٣. زۆرتر شایی بە خۆی و کولتوور و زمانی دایکوباوکی دەبێت؛ ٤.‌هاووڵاتیەکی دڵسۆزتر و داهێنەرتر دەبێت.

رۆنانئێوه وه‌کوو پرۆژه‌ له‌سه‌ر بارودۆخی زمانی کوردی له‌ باشووری کوردستان لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیتان کردوه. چه‌نده میکانیزم و قه‌باره‌ی خوێندنی ئه‌وێ ده‌توانێ سه‌رچه‌شنێکی گونجاو بێت بۆ ئه‌م کورسیه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی له رۆژهه‌ڵات؟

د. شێخولیسلامیکوردستانی باشوور ڕابردوویەکی تووش و ئەستەمی‌هەیە. دوای دەیان ساڵ ئەنفال و کاولکردن بوون بە خاوەنی ماڵی خۆیان، تا ڕادەیەکی زۆر. بەڵام، دوایەش، شەڕە بەردەوامەکان ڕێگای کەمتریان پێداون کە ئاهێکی ئاسوودەیان بێتەوە بەر. لە گەڵ ئەمەشدا، هەندێک هەوڵی باش لە بواری کولتووری، ڕۆشنبیری و زمانییەوە دراون. بەشێکی کەم لە ئەمانە بەروبوومی‌باشیان هەبووە. بەداخەوە، زۆربەی کارەکانی دیکە زۆر و بۆر بوونە.

خوێندن لە باشووری کوردستان گرفتی زۆرە. تا ئێستاش هەرێمی‌کوردستان نەیتوانیوە خۆی لە سیستەمێکی گەندەڵ و دیکتاتۆری پەروەردە ڕزگار بکات. سیستەمێکی ئەکادیمی‌و زانستی زۆر کەمتر لە ئارا دایە؛ پەروەردەش، وەکوو هەموو شتی تر، حیزبایەتییە. پێوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی باش نییە. مامۆستا ئێستاش چەقی هەموو شتە. ئەمە بە تایبەت لە بوارە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکان دا دەمێکە لە باو کەوتووە. لەم بوارانەدا، داهێنان و بیری ڕەخنەگرانە بایەخیان پێنادرێ. هەروەها، کتێبە دەرسییەکان گرفتیان زۆرە. زۆر زەحمەتە کتێبێکی دەرسی، جا هەر پۆلێک بێت، بدۆزیتەوە کە پڕ لە هەڵەی ڕێنووس و تەنانەت ڕێزمان نەبێت. کتێب و مەنهەجەکانی زانکۆکان کۆنن. یان سەرچاوە نییە، یان بە سەقەتی لە عەرەبی، فارسی و ئینگلیسییەوە کراون بە کوردی.

بە لە بەرچاو گرتنی هەموو ئەمانە، ڕەنگە بەشێکی پێڕاگەیشتن بە زمانی کوردی باشوور بۆ رۆژهەڵات جێگای کەلکوەرگرتن بێت، ئەویش بریتییە لەو وشە و زاراوە ئەکادیمییانەی کە لەوێ داڕێژراون و‌هاتوونەتە کارپێکردن. هەڵبەت، پەتیگەرییەکی زۆریش لەم بوارەدا کراوە کە ڕەنگە لە باشوور جێکەوتبێت، بەڵام ڕەنگە گواستنەوەی ئەم پەتیگەرییە بۆ رۆژهەڵات مه‌ترسیدار بێت. بۆ نموونە، ڕەنگە خوێندکاران و دایکوباوکە کوردەکان لە زمانی زۆیان نامۆ بکات.

جیاوازییەکی یەکجار زۆر لە نێوان هەرێمی‌کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان هەیە کە دەبێ بە جیدیی لە بەرچاو بگیردرێ. ئەوەش ئەمەیە: لە هەرێمی‌کوردستان خەڵک دەمێکە بە کوردی دەخوێنن؛ کوردی خوێندن نۆرمە، ئاساییە و، تەنانەت تەنیا ڕێگایە، لانی کەم ئێستا. واتە، منداڵی کوردی سلێمانی، ڕانیە، دهۆک، یان هەولێر، چ حەز بکەن و چ نەکەن، مادام کورد نەبن، یان بچنە فێرگە خسووسییەکانی ئینگلیسی یان عەڕەبی، ناچارن بە کوردی بخوێنن. جا ئەگەر مامۆستاکانیش کوردی نەزانن، یان کتێبەکانیشیان پڕ بێت لە هەڵە، منداڵی کوردی باشوور هەر بە کوردی دەخوێنن، بە کوردی شەهادەکەشیان وەردەگرن، هەر بە کوردی حکومەت ئیشیان بۆ دەدۆزێتەوە و، هەر بە کوردیش کار دەکەن. لە باکوور یان ڕۆژهەڵات ئاوا نییە: منداڵ پشکی ئەمەی بەهێزترە کە فارسی بخوێنێت، زمانێک کە ڕەسمییە و نزیکەی هەزار ساڵە پێی دەنووسرێت و یەکێک لە دەوڵەمەندترین ئەدەبەکانی جیهانی پێ خوڵقاوە. ئەو منداڵانە پێویستە جۆرێک کوردییان پێبگوترێ کە لێی بێزار نەبن. لە بیرمان بێ، ئەو منداڵانە ناچار نین کە کوردی بخوێنن یان بە کوردی بخوێنن. دەبێ کارێکی ئەوتۆ بکرێت کە ئاشقی خوێندنی کوردی یان لەوەش گرینگتر خوێندن بە کوردی بکرێن. ئەمەش ئەرکێکی سانا نییە و، نەک هەر پێویستی بە ئیمکانگەلی جۆراوجۆر، پشتیوانی حکومەت، جڤاتە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵک، بەڵکوو پێویستی بە مامۆستای پشوودرێژ، داهێنەر، لە خۆبردوو و ئاشقە زمان هەیە. “ئەوانی تر” بۆ دەیان ساڵ زمانەکەیان لە منداڵە کوردەکان بێگانە کردووە. ئەگەر دەرفەتێک هەڵکەوێت کە منداڵەکان لە گەڵ زمانی خۆیان ئاشنا و ئاشت بکرێنەوە، دەبێ گەورەکان وشیار بن کە ئەو دەرفەتە لە کیس نەچێت. ئەگەر مامۆستای کوردی ئاگری ئەشقی زمانی زگماک لە ناو قوتابییەکانیدا دانەگیرسێنێ مەترسی ئەوە هەیە کە ئاگردانی زمانی ئەو منداڵانە بۆ هەمیشە سارد بمێنێتەوە. ئەگەر منداڵەکان لەو کلاسانەدا ئاشقی زمانەکەی خۆیان نەبن، لەوانەیە بۆ هەمیشە لێی بێزار بن.

رۆنانجه‌نابتان چ پیشنیارێکتان بۆ به‌پێزتربوون و زانستی‌تر بوونی ئه‌م پرۆژه‌ هه‌یه و ئاسۆی داهاتووی چۆن ده‌بینن؟

د. شێخولیسلامیوا بزانم، بەشێک لەم پرسیارەم لەو پرسیارەی پێشوودا وەڵام داوەتەوە. بەڵام، ڕێگام بدە کە وردتر لە سەر ئەمە بڕۆم.بۆ ئەوە کە سیستەمێکی سەرکەوتوو بۆ خوێندن بە زمانی دایک بێتە ئاراوە، پێویستە زۆر لایەن وەکوو ئەکتەرەکان (منداڵ، بنەماڵە، هتد.)، پرۆگرامەکان، یاساکان و بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە بەرچاو بگیردرێن (ئەمانە لە ڕاپۆرتێکی یۆنسکۆ، جەسیکا باڵ ٢٠٠٩) وەرگیراون. مەبەست لە ئەمانە چییە؟

  • پەرەپێدانی بایەخە گەورەکان: پێویستە هەرکەس و دەزگایەک، بە پێی لێهاتوویی و توانایی خۆیان، یارمەتی بدەن کە: کۆنفرانس و کۆبوونەوە لە سەر بابەتی گوتنەوەی زمانی زگماک دابمەزرێ؛ جیاوازیی زمانی و شێوەزاریی وەکوو لایەنێکی پۆزەتیڤ، دەوڵەمەند و سەرمایەیەکی کولتووری کۆمەڵگە و وڵات چاو لێبکرێ؛ زمان و شێوەزارە بچووکترەکان کە زۆرتر لە مەترسی لەناوچوون دان بپارێزرێن.
  • قانوونەکان و پشتیوانی ماڵی: دەبێ کەسی شارەزا و هەڵسووڕ هەبێت کە بتوانێت حکوومەتەکان و دەزگا ناحکوومییەکان ڕازی بکات کە یارمەتی ماڵی بدەن بۆ ئەوە کە ئەوانەی پرۆگرامەکە هەڵدەسووڕێنن بتوانن کاری ئامادەسازیی و ڕێکخستن لە چەند لایەنەوە ڕاپەڕیێنن، وەکوو: لێهاتوویی وانەگوتنەوە—پەروەردەکردنی مامۆستا؛ دەوڵەمەندکردنی سەرچاوە و ئیمکانەکانی وانە گوتنەوە—کتێب، کتێبخانە، هتد.؛ پشتیوانی دایکوباوک—سەلماندن بە دایکوباوکەکان کە فێربوونی زمانی دایک دەسکەوتێک و سەرمایەیەکی باشە بۆ منداڵەکانیان؛ و، لە هەموو ئەماش گرینگتر، ڕەنگە، ئەمە بێت، کە پووڵ و پشتیوانی ماڵی بۆ پرۆگرامەکان، بۆ درێژەدانیان و بۆ دەوڵەمەندکردنیان دابین بکرێت. بۆ ئەمانە، پێویستە کەسانی شارەزا، بە نفووز و دەستڕۆیشتوو‌هانی بەرپرسان بدەن، هەندێک جاریش فشاریان بۆ بێنن، کە یارمەتی بدەن، جا چ بە شێوەی ماڵی بێت، چ بە شێوەی دانان و پەسند کردنی قانوون و بەخشنامەی دڵخواز کە بە قازانجی زمانە کەمینەکان بێت.
  • لێکۆڵینەوە: پێویستە، دەستەیەک، یان چەند دەستەی لێکۆلەر بەردەوام لە پرۆگرامەکە بکۆڵنەوە، لانی کەم لە سێ بوارانەوە: (١) بەرهەم و دەستکەوتە پەروەردەییەکان (واتە، سوودەکانی پرۆگرامەکە لە لایەنی فێربوونەوە چۆن بووە)؛ (٢) دەستکەوتە زمانییەکان (بۆ نموونە، ئایا ڕاستە کە ئەگەر منداڵێک توانی بە کوردی باش و ئەکادیمی‌بنووسێ، پاشان بە ئاسانی هەر ئەم لێهاتووییە بە زمانی فارسیش لە خۆی نیشان دەدات)؛ (٣) دەستپێوەگرتنی ماڵی و ئابووری (ئایا توانراوە کە بە پارەیەکی کەم دەستکەوتێکی باش بێتە بەرهەم، یان ئایا دەکرێ کەمتری تێبچێت).
  • سەرچاوە و ئیمکانەکان: پێویستە دەرەتان و ئیمکانەکان لە چەند لایەنەوە ئامادە بکرێن: (١) پەروەردەکردنی مامۆستای لێزان و لێهاتوو بۆ گوتنەوەی زمانی کوردی بە شێوازێک کە زمانەکە لای منداڵەکان شیرین بکات؛ زمانێکی کەمینە لە هەندێک لایەنەوە ناکرێ وەکوو زمانێکی زۆرینە بگوترێتەوە. زەمینەی‌هاندان بۆ فێربوونی زمانی زۆرینە ڕەنگە زۆر زیاتر و بەهێزتر بێت، چونکە هەم دایکوباوکەکان و هەم گەنجەکان دەبینن و دەزانن کە بۆ داهاتووی کار و پێشکەوتنیان گرینگە. کەوابوو، فێری دەبن. واتە،‌هاندەری دەرەکی بۆ فێربوون زمانی زاڵ یەکجار بە هێزە. هەندێک ئەم مایلەی فێربوونی زمانی باڵادەست بە‌هاندەری ناوەکیشەوە (وەکوو ئۆگربوون بە زمانەکە) دەوڵەمەندتر دەبێت. ئەمەی دوایی،‌هاندەری ناوەکی ڕەنگە بۆ زمانی دایکیش بەهێز بێت، بەڵام کەمتر وا هەیە کە‌هاندەری دەرەکی بۆ فێربوون زمانی یەکەم لە ئارادا بێت لە کۆمەڵگەیەکدا کە زمانی کەمینە بایەخی ئابووری، کاریی و خوێندەواریی نییە. واتە، گەنجێک نازانێ بۆچی دەبێ زمانی زگماکی خۆی فێربێت، ئەگەر نەتوانێ کاری پێ پەیدا بکات، خوێندنی باڵای پێنەکات، شانازی پێوە نەکات و هتد. مامۆستاکانی زمانی زگماک پێویستە داهێنەر بن، زمانەکە لە لای منداڵەکان خۆشەویست بکەن و، لانی کەم‌هاندەرە ناوەکییەکە بەهێزتر لە ئەمەش بکەن کە هەیە. ئەمەش ئاسان نییە و پێویستی بە بیر و شێوازی داهێنەرانە هەیە. (٢) سەرچاوەکانی فێرکردنی زمانی زگماک دەبێ ئامادە بکرێن، وەکوو پێداویستی وانە چێکردن و گوتنەوە—کتێب، گۆڤار، هتد. ئەو سەرچاوانەش دەبێ باسی دونیای منداڵی کورد بکەن؛ دەبێ منداڵە کوردەکان خۆیان لە وانەکاندا ببیننەوە، نەک هەر خودی ئێستایان، بەڵکوو حەزەکانیان و خودی داهاتوویان. دەبێ بتوانن خەونەکانیان بە زمانی زگماک دابڕێژن و بخەمڵینن. (٣) ساغبوونەوە لە سەر زمانی نووسین، وشەنامە، لەهجەی ستاندارد و هتد و، ئامادەکردنی سەرچاوەکان بۆ یەکدەست کردن و دەکارکردنی ئەو لایەنانەی زمان و پەروەردە.
  • پرۆگرامەکان: ئەو پرۆگرامانەی کە دروست دەکرێن بۆ گوتنەوەی زمانی زگماک، پێویستە دایکوباوکەکان و جڤاتەکە تێوەردەن. ئەو پرۆگرام و بەرنامانەی کە دروست دەکرێن دەبێ بە ڕەزامەندی ئەندامانی کۆمەڵگەکە بێت. دەبێ فێرگە و دایکوباوک و گەڕەک بەیەکەوە کار بکەن. بە یەکەوە، پێویستە کە ئامانجی پرۆگرامەکە بە ڕوونی دیاری بکەن. دەبێ چاو لە ئیمکانات و زەمینە لەبارەکانی یەکتر بکەن بۆ ئەوە کە بزانن بەڕاستی چییان لە دەست دێت و چۆن دەتوانن پرۆگرامێک دابڕێژن کە بتوانن ڕایپەڕێنن. فێرگە پێویستە بە ئاشکرایی، بە دایکوباوکەکان بڵێت کە، بۆ نموونە، ئەوان ناتوانن کلاسی تەقوییەتی/بەهێزکردن دابنێن، بۆیە دایکوباوکەکان، یان ئەندامانی دیکەی بنەماڵە، پێویستە بۆ ئەو مەبەستە یارمەتی بدەن. ئەگەر دایکوباوک خۆیان نەخوێندەوارن، پێیان بگوترێ کە لە باتی خوێندنەوە بۆ منداڵەکەیان، دەتوانن ڕۆژێ نیوسا‌عەت کات دابنێن هەتاوەکوو گوێ بگرن لە منداڵەکەیان، کاتێ منداڵەکە کتێب بە کوردی دەخوێنێتەوە، یان کاتێ دەیهەوێ چیرۆکێک بە کوردی بگێڕێتەوە. ڕەنگە دایکوباوکەکە نەزانێت بخوێنێتەوە، بەڵام کاتێ گوێ دەگرێت، دەتوانێ هەڵەکانی خوێندنەوە بۆ منداڵەکەی ڕاست بکاتەوە. ئەگەر هەڵەش ڕاست نەکاتەوە، دەروونناسی و کۆمەڵناسی خوێندن بۆی سەلماندووین کە تەنیا گوێ گرتن لە یەکێک یارمەتی کەسی ئاخێوەر یان نووسەر دەدات، لە زۆر لایەنەوە کە ئێستا دەرفەتی باسکردنیان نییە. هەروەها، دایکوباوکەکان ڕەنگە خوێندەواریی کوردییان نەبێت، بەڵام زمانەکەی خۆیان زۆر باش دەزانن. دەتوانن، چیرۆکی زارەکی/شفاهی بۆ منداڵەکانیان بگێڕنەوە، پاشانیش باسی پەیامی‌داستانەکە بکەن، باسی ئەکتەرەکان بکەن، یاری بە پلات و داڕشتنی چیرۆکەکە بکەن وهتد.
  • بنەماڵە: ئەمە گرینگە کە لە ماڵەوە، ژینگەیەکی سازگار و دەوڵەمەندی زمانیی لە ئارادا بێت. واتە، لە ماڵەوە بە زمانی زگماک قسە بکرێت، کتێب بخوێندرێتەوە، تەلەڤیزیۆن چاو لێبکرێت و هتد. پێویستە منداڵەکە بڕوا بکات کە زمانی دایکوباوکی (یان زمانی یەکەمی) گرینگە بۆ بنەماڵەکەی و دەکرێ بەشێکی گرینگ لە ژیانی ئەو بێت. جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان دوو شت دا: یەکەم، منداڵ بە کردەوە بۆی دەرکەوێت زمانەکەی گرینگە؛ دووهەم: بە زۆر تێیبگەیەنی و پێی بلێی کە زمانەکەی گرینگە و دەبێ فێری بێت. منداڵەکان ئەو شتانە باشتر فێر دەبن کە دەیانبینن، گوێیان لێدەبێ و بۆ خۆیان تەجرەبەی دەکەن.
  • منداڵ: ئەمە زۆر گرینگە کە منداڵ لە تەمەنێکی کەمەوە بە زمانی خۆی بخوێنێ. پێویستە، هەر لە باخچەی ساوایانەوە بەو زمانە بخوێنێ کە لە ماڵەوە و لە گەڕەک قسەی پێدەکا.

بە کورتی، ڕاپەڕاندنی خوێندن بە زمانی یەکەم ئەرکێکی یەکجار گرینگە و، لە هەمان کاتیش دا، بەرپرسایەتییەکی قورسە. بۆ ئەوە کە کارەکە لە سەرەتاوە بە سەرکەوتوویی بکرێت و درێژەی هەبێت، پێویستە کە هەموو لایەک (حکوومەت، دایکوباوک، فێرگە، چالاکی زمانیی و کولتووری و هتد.) بە نییەتێکی پاکەوە، بە شێلگیرییەکی شیاوەوە و بە بەرنامەداڕێژییەکی تۆکمەوە‌هاوکاری یەکتر بکەن. سەرکەوتنی وەها پرۆگرامێک بە قازانجی هەموو لایەک دەبێت، بەو مەرجە کە بە شێوەیەکی گونجاو دەستپێبکرێت و درێژەی پێبدرێت.

رۆنان: سپاس و پێزانین بۆ به‌شداریتان

JafferSheyholislami, Ph.D. Associate Professor of Applied Linguistics and Discourse Studies Carleton University Ottawa, Canada

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

نه + هشت =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..