ئه‌م وتاره، پێشه‌کی و خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌یه‌کی شێعری “ئه‌حمه‌د شاملووه” به ناوی «ئه‌حمه‌د شاملوو« له وه‌رگێڕانی ” به‌ڕۆژ ئاکره‌یی” که ” غه‌زه‌لنووس ” له دوو به‌رگدا چاپ و بڵاوی کردوەتەوە.
۱
نووسین له‌مه‌ڕ ئه‌حمه‌د شاملوو (الف- بامداد)ـه‌وه، که توێژینه‌وه و باسی زۆر له باره‌ی به‌رهه‌مه‌کانییه‌وه کراون، تا ڕادده‌یه‌ک سانایه، به تایبه‌ت، که مه‌به‌ست ناساندنی شیعری شاملوو بێت، بۆ زمان و ئه‌ده‌بێکی دیکه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست قسه‌یه‌کی تازه‌تر و گوته‌یه‌کی نه‌گوتراو بێت، ئه‌م کاره تا ڕادده‌یه‌ک دژوار ده‌بێته‌وه. ئه‌مه‌یش هۆکارێکی چه‌ندلایه‌نه‌ی هه‌یه. یه‌کیان پێوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه: شاملوو له‌و شاعیرانه‌یه، که له چاو زۆربه‌ی شاعیرانی دیکه، پشتگوێ نه‌خراوه و خوێندراوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها دژوارتر ده‌بێته‌وه، کاتێک بزانین شاملوو وه‌ک زۆرێک له نووسه‌ران و شاعیرانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، له وڵاتانی ناسوننهتی و نامودێرندا، كاری له چه‌ند ڕه‌هه‌نددا کردووه. بۆیه سیمای شاملوو جگه له شاعیر، هه‌ندێكجار وه‌ک وه‌رگێڕ و نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر و ڕۆژنامه‌وان و فه‌رهه‌نگنووسیش ده‌رده‌که‌وێ. تێگه‌یشتن له‌و چه‌شنه نووسه‌ر و شاعیرانه، تا ڕادده‌یه‌ک پێوه‌ندیی به دۆخێکه‌وه هه‌یه، که تێیدا په‌روه‌رده ده‌بن. زۆرجار تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و دۆخه به کورتی بریتی بووه له دۆخێکی پارادۆکسیکاڵ و دابه‌شکراو له نێوان سوننه‌ت و دنیای نوێ‌دا و هه‌وڵدان بۆ: نوێکردنه‌وه، ئارشیڤسازی، پاکسازی، سازدان و جێخستنی ورده‌کولتوور و… . ئه‌مه‌یش وایکردووه بهرههمیئهو که‌سانه -هه‌روه‌کو هێگل ده‌ڵێ، زیاتر له دیتران منداڵی سهردهمیخۆیانن- تووشی هه‌مان پارادۆکسانه ببن.
حه‌ز و ویستێکی ژوورنالیستی هه‌یه، که ده‌یه‌وێ سیمایه‌کی یه‌کده‌ست له شاملوو ئاراسته بکات، به‌ڵام خودی ئه‌و هه‌وڵه جیاوازانه و له پاڵ یه‌ک دانانیان ده‌یسه‌لمێنێ، که جگه له‌وه‌ی شاملوو له بواری جیاواز و دوورله‌یه‌ک كاری کردووه، ته‌نانه‌ت له خودی شیعریشدا، هه‌ندێك ئه‌زموون و سه‌رکه‌وتن و دابه‌زینی جیای هه‌بووه و هه‌ندێك ڕێی بڕیون، که دوور و دژبه‌یه‌ک ده‌رده‌که‌وه‌ن. لێره‌دا به بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست بێت، که شاملوو بۆ تاقهڕهههندێک کورت و پوخت بکرێته‌وه، زیاتر باس له شاملووی شاعیر ده‌که‌ین. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و پارامێترانه ده‌گه‌ڕێین، که ڕه‌نگه له شیعری شاملوودا به‌رجه‌سته‌تر ببن.
۲
وه‌ک ئه‌زموونێكی تاکی، ئه‌و کاته‌ی تازه ده‌ستم دابووه نووسینی شیعر، ناوی ئه‌حمه‌د شاملوو بۆ من و ڕه‌نگه زۆر که‌سی دیکه، له ته‌شقی ناوبانگدا بوو. شاملوو نموونه‌ی باڵای شاعیرێکی نوێخواز وهاوکات هه‌ڵوێستدار و ده‌رگیر بوو. جگه له به‌رهه‌مه‌کانی، ناوبه‌ناو باس و گوته‌یه‌کی سه‌رسووڕهێنه‌ری لێ ده‌گێڕدرایه‌وه. وه‌ک نفرینکردنی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر و به‌سۆسیالیستکردنی(!) ئه‌ژده‌هاک، یان هه‌مان زوحاک. دواتر، که به‌ره‌به‌ره و به شێوه‌ی ڕێژه‌یی، واقعییه‌تی شاملووم بۆ ده‌رکه‌وت، زانیم به‌شێکی زۆری سیمای ئه‌و شاعیره له ته‌شقدا، که خۆی به دێوی جوان پێناسه ده‌کرد، به هۆی حه‌جم و گرنگیی بهرههمهكانیهوهیهتی، که زیاتر له ئه‌فسانه نزیکی ده‌کاته‌وه. بێگومان گه‌یشتن به‌م ئاست و سیمایه و مانه‌وه له‌و پێگه‌یه‌دا، هێنده سانا نییه. ئه‌وه‌یش کاتێک بۆمان ده‌رکه‌وێ، له فه‌زای ئه‌ده‌بیی ئێران‌دا، شیعر به‌رده‌وام گرنگیی خۆی هه‌بووه و ئه‌م کایه ئه‌ده‌بییه، له باری ئه‌ده‌بی و سیاسی و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، هه‌ستیار بووه. شاملوو، بۆ ماوه‌ی زیاتر له چوار ده‌یه و له فه‌زایه‌کی وه‌هادا، له ته‌شقی شیعردا جووڵه‌ی کرد و ددانی پێدا نرا و وێڕای ئه‌وه‌ی، که هه‌ندێک لایه‌نی نه‌یار و دژیش ددانیان پێدا نه‌نا، به‌ڵام سوود و کاریگه‌رییان له به‌رهه‌مه‌کانی وه‌رگرت. ئه‌مه کاتێک گرنگتر ده‌بێته‌وه، که بزانین له سهردهمیشاملوودا، ئاڵوگۆڕه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، وه‌ک کووده‌تا و شۆڕش و شه‌ڕ و… توانییان جوانه‌مه‌رگی تووشی زۆر شاعیر و نووسه‌ری دیکه بکه‌ن.
به گشتی، نووسین له باره‌ی شیعری شاملووه‌وه، بۆ من حاڵه‌تێکی وه‌ک بیره‌وه‌ریی هه‌یه. نه‌ک بیره‌وه‌ریی خۆم، به‌ڵکو وه‌یادهێنانه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی وه‌ک بیره‌وه‌ری ده‌بوونه زه‌ینییه‌ت و نموونه‌ی شاعیربوون، یان گێڕانه‌وه‌ی زه‌ینییه‌تی ڕۆژانێکه له سه‌ر که‌سێک، که له هێرهمینرخاندن و بایهخدانهریی مندا، له لووتکه‌دا بوو. یه‌کێک له‌و یادانه‌ی له بیرمدا ماوه‌ته‌وه، ته‌وه‌ری گۆڤارێکی ئه‌و کاته‌یه، به ناوی گه‌ردوون. گه‌ردوون، پرسیارێکی له‌م چه‌شنه‌ی ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر، هونه‌رمه‌ند و شاعیر کردبوو:
- به بۆچوونی ئێوه، گه‌وره‌ترین شاعیری ئێرانیـ فارسی کێیه؟
ئه‌وه‌ی بۆ من سه‌رنجڕاکێش بوو، ناوی شاملوو له پاڵ حافظ، مه‌ولانا، سه‌عدی و فیرده‌وسیدا، دیارترینی ناوه‌کان بوو. به‌م جیاوازییه‌وه، که شاملوو هێشتا زیندوو بوو. ئه‌حمه‌دڕه‌زا ئه‌حمه‌دی شاعیری به نێوبانگی ئێرانی، له گوتوبێژێکدا ده‌ڵێ: “ئه‌و کاته‌ی ئێمه گه‌نج بووین، شاعیره پیره‌کان ناسراو بوون، ئێسته که پیرین، شاعیره گه‌نجه‌کان ناسراون.” ئه‌گه‌ر ئه‌م گوته‌یه بۆ هه‌ر شاعیرێکی ئێرانی به ڕاست بکه‌وێته‌وه، بۆ شاملوو پێچه‌وانه‌یه. چونکو، شاملوو له‌و کاته‌وه‌ی هه‌وای تازهـی نووسی، تا دواڕۆژی ژیانی و بگره ئێسته‌یش به‌رده‌وام ناسراو و له ته‌شقی نێوبانگدا بووه. ڕه‌نگه له ئه‌ده‌بیاتی ئێران‌دا که‌س به قه‌ده‌ر شاملوو، له ژیانی خۆیدا تامیناسراویی نه‌چه‌شتبێ. ئه‌مه‌یشیان به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و حه‌زه فراوان و هه‌وڵه هه‌ندێكجار زێده‌ڕۆیانه‌ی، که بۆ مانه‌وه و نێوبانگ ده‌یدان. خودی ئه‌م حه‌زه هه‌ندێكجار شاملووی به‌ره‌و باسکردن و دوان له هه‌ندێك بابه‌ت بردووه، که ڕه‌نگه ئیشی پسپۆڕانه‌ی ئه‌ویش نه‌بووبێت، به‌ڵام له هه‌ر حاڵ‌دا هه‌موو بۆچوون و نووسینێکی شاملوو، ته‌نانه‌ت له باره‌ی مۆسیقا و ئوستووره و… له فه‌زای ڕۆشنبیریی ئێران‌دا گرنگیی خۆی بووه. ئه‌مه‌یش دیاره به هۆی هه‌مان نێوبانگه‌وه بووه. به گشتی، شاملوو، له ژیانی خۆیدا ناسراوترین شاعیری ئهدهبیهاوچهرخی ئێرانی بووه.
۳
جیاوازییه‌کی گه‌وره له نێوان ئه‌ده‌بی فارسی و کوردی و ڕه‌وتی مێژوویی ئه‌م دوو ئه‌ده‌به، به تایبه‌ت له بواری شیعردا هه‌یه. به ڕوانینێکی گۆڵدمهنییهوه، ئه‌م جیاوازییه تا ڕادده‌یه‌کی زۆر قه‌ده‌ری شیعریی شاعیره‌کانی هه‌ر لایه‌کیان دیار ده‌کات. له شیعری فارسی‌دا، ڕه‌نگه وه‌ک شیعری زمانانی دیکه‌یش، بزاوتێكی مێژوویی و هه‌ندێكجار دیالێکتیکی هه‌یه. ئه‌مه به نیسبه‌ت شیعری کوردییه‌وه، که‌متازۆر غایبه. بۆ نموونه: له شیعری کلاسیکی فارسی‌دا، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی بهردهوامیشاعیران بۆ ده‌قی پێش خۆیان ده‌بیندرێت. ناکرێ به ته‌واوه‌تی درک به حافظ و مه‌ولانا و… به‌ده‌ر له پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ شاعیران و عارفانی پێش خۆیاندا بکه‌ین. ئه‌م حاڵه‌ته وا ده‌کات، کاتێک نیما یوشیج ده‌ست ده‌داته نوێکردنه‌وه‌ی شیعری فارسی، به‌شێکی زۆری نوێخوازییه‌که‌ی له به‌رانبه‌ر شیعری پێشینیانی خۆیدا پێناسه بکات. واته نوێکردنه‌وه‌که‌ی ده‌ستکاریکردن و گۆڕان بووه له هه‌ناوی شیعری پێشووی فارسی‌دا. بۆیه ناچار بووه ڕاده‌ی دابڕان و بهردهوامیو پێوه‌ندی و ته‌کلیفی شیعریی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌قانه‌دا دیار بکات. به نیسبه‌ت شیعری کوردییه‌وه، پێویست به زیره‌کییه‌کی وه‌ها ناکات، که بزانین وا نه‌بووه. بۆ نموونه: نالی، هیچ ئاوڕێکی چاک، یان خراپی، له ئه‌زموونی شیعری مه‌لای جزیری و خانی و… نه‌داوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌یری نه‌خشه‌ی شیعری فارسی بکه‌ین، تێده‌گه‌ین ڕه‌وت و شێوازه‌کان پێوه‌ندیی ناوه‌کییان پێکه‌وه هه‌یه، به‌ڵام به نیسبه‌ت شیعری کوردییه‌وه، هه‌ست ده‌کرێ وه‌ک کۆمه‌ڵه‌دوورگه‌یه‌کی دوورله‌یه‌ک بینا کراون. ده‌ڵێی بۆ ئه‌ده‌بی گۆرانی ]هه‌روامی[ ئه‌زموونێكی وه‌ک جزیری و فه‌قێ ته‌یران هه‌ر نه‌بووه، یان ئه‌ده‌بی سهردهمیبابانهکان، ئاوڕێکی ئه‌وتۆی له ئه‌ده‌بی گۆرانی نه‌داوه‌ته‌وه و سوودی لێ وه‌رنه‌گرتووه. ئه‌م حاڵه‌ته هه‌ر پاساوێکی بۆ بێته‌وه، دواجار واتای لێکنهدران و نادیالێکتیکیبوونی ڕه‌وتی شیعریی لێ ده‌که‌وێته‌وه. ئه‌م نه‌بوونی جووڵه‌ی دیالێکتیکییه، له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، له جوگرافیا و دیالێکته‌وه به‌ره‌و نیوکلاسیسیزم و نوێخوازییش ده‌کشێ و بۆ سهردهمینوێبوونهوهی شیعریش درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌گه‌ر نیما له کاتی نوێکردنه‌وه‌ی شیعردا، له‌گه‌ڵ ململانێ و ڕه‌تکردنه‌وه‌یه‌کی تونددا به‌ره‌وڕوو ده‌بوووه و نه‌ده‌کرا به سانایی له‌گه‌ڵ دواکلاسیکییهکاندا به ڕێکه‌وتنێکی هه‌رچه‌ند ساخته‌یش بگات، یان له تورکیادا ئه‌گه‌ر نوێخوازانی وه‌ک مه‌لیح جه‌وده‌ت و ئوکتای ڕه‌فعه‌ت و نوێخوازانی دیکه له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی شیعری کلاسیک و ئه‌ده‌بی سوننه‌تی و عوسمانلیدا له ململانێدا بوون، له زمانی کوردی‌دا عه‌بدوڵڵا گۆران به بێ ململانێ و کێشه‌یه‌کی ئه‌وتۆ، ده‌یهه‌وێ شه‌رعییه‌تی نوێخوازییه‌که‌ی خۆی له کلاسیکێکی دوایینهوه، واته له پێرهمێردهوه وه‌ربگرێ. ته‌نانه‌ت هه‌ر خودی پیره‌مێردیش هه‌ندێك له شیعره‌کانی بۆ چاپ ده‌کات و… لێره‌دا کۆمه‌ڵێک پرسیار سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، که وهڵامدانهویان تا ڕادده‌یه‌کی زۆر، ده‌توانێ به‌شێکی گرفته‌کانی ئه‌ده‌بی کوردی له ئێسته‌یشدا ڕوون بکاته‌وه. بۆ نموونه: بۆچی نوێکردنه‌وی شیعر له کوردستاندا نه‌بووه مایه‌ی ململانێیه‌کی له‌و چه‌شنه‌ی له ئه‌ده‌بی وڵاتانی دیکه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا؟ له هه‌ر حاڵ‌دا، بوونی ئه‌و دۆخه دیالێکتیکییه له ئه‌ده‌بی فارسی‌دا، وا ده‌کات، ململانێیه‌کی توند له نێوان ئه‌ده‌بی نوێ و کلاسیک‌دا ساز ببێت و نوێخوازی و نانوێخوازی سنووریان بۆ دیار بکرێت. هه‌روه‌ها شاعیره‌کان له نێو کۆنتێکستێکی مێژوویی و ده‌قیدا باشتر ده‌ربکه‌ون و سه‌رله‌به‌ری شیعری فارسی وه‌ک یه‌که‌یه‌کی پێوه‌ندیدار سه‌یر بکرێت، که زیندوویی خۆی له پێوه‌ندیی ڕه‌خنه‌گرانه و ڕه‌تكردنه‌وه و ته‌ئیدی دیالێکتیکییه‌وه وه‌رده‌گرێت. بێگومان، خوێندنه‌وه‌ی شیعری شاملوویش له‌م حاڵه‌ته به‌ده‌ر نییه.
۴
کاتێک نیما یوشیج، له ساڵی ١٩٣٩ـدا، به چاپی شیعری “ئه‌فسانه”ـوه، خۆی گوته‌نی: ئاوی کرده خه‌وگه‌ی مێرووله‌کانه‌وه؛ کۆتایی به ته‌مه‌نێکی دوورودرێژی شیعری کلاسیکی فارسی هێنا. له‌سه‌ر بنه‌مای درێژه‌دان و دابڕانی دیالێکتیکی له شیعری فارسیی پێش خۆی و کاریگه‌ریی وه‌رگرتن له سهمبولیستهکانی فه‌رانسه، سه‌ره‌تایه‌کی نوێی دامه‌زراند. نیما له‌و کاته‌دا له لایه‌ن ئه‌دیبه جێکه‌وتوو و ناسراوه‌کانه‌وه به توندی ڕه‌ت کرایه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێك له گه‌نجه‌کان پێشوازییان لێی کرد. یه‌کێک له‌و گه‌نجانه ئه‌حمه‌د شاملوو بوو. شاملوو، که تا کۆتایی ته‌مه‌نیشی به‌رده‌وام خۆی به شاگرد و قه‌رزداری نیما ده‌زانی،هاوکات هه‌م گه‌وره‌ترین درێژه‌پێده‌ری نیما و کۆمه‌ڵێک له بۆچوونه‌كانی نیما بوو، هه‌م ڕهتكهرهوهیشی بوو. به‌شێکی تێگه‌یشن له شاملوو، له گوزه‌ری تێگه‌یشتن له شیعری نیما و له‌وه‌یش گرنگتر، له بیروبۆچوونه‌كانی نیماوه سه‌باره‌ت به شیعر، سه‌ر ده‌گرێت. واته شاملوو له ده‌ستپێکه‌وه، تا دوایین شیعره‌کانی هه‌وای تازه، کۆمه‌ڵێک شیعری له چوارچێوه‌ی شیعری نیماییدا نووسی و له‌گه‌ڵ که‌سانی وه‌ک نوسره‌ت ڕه‌حمانی و ئه‌خه‌وان سالسدا، توانییان یارمه‌تیده‌ری جێکه‌وتنی شیعری نیما و نیمایی ببن. به‌ڵام له هه‌وای تازه‌دا، شاملوو، مه‌ودایه‌کی له‌گه‌ڵ نیمادا ساز کرد و له شیعری نیمایی و له شاگرده‌کانی نیما دوورکه‌وته‌وه. ئه‌م دوورکه‌وتنه‌وه و ده‌ستپێکه تازه‌یه، سیمای شاعیرێكی نوێخواز و داهێنه‌ری له شاملوو خسته به‌رچاو، که ده‌سته‌یه‌ک وه‌ک شۆڕشێک له نێو شۆڕشه‌که‌ی نیما و کامڵکاری ئه‌و باسی ده‌که‌ن و هه‌ندێکی دیکه‌یش به درێژه‌ی لۆژیکیی بزاوتی نیمای ده‌زانن و خۆیشیهاوکات به هه‌ردووکیانی ده‌زانێ. ئه‌و کاته‌ی شاملوو هه‌وڵی نووسینی تایبه‌تیی خۆی ده‌دا و هه‌ندێك له بیروبۆچوونه‌كانی نیمای وه‌ک نزیککردنه‌وه‌ی شیعر له دیکلیماسیۆنی سرووشتیی گوته و… جێبه‌جێ ده‌کرد،هاوکات به‌ره‌ی شه‌ڕێکی له‌گه‌ڵ ئه‌دیبه سوننه‌تییه‌کاندا کرده‌وه، که له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سی دیکه‌دا توانیی بۆ هه‌میشه شیعری نوێ و نوێخوازی له ئه‌ده‌بی فارسی‌دا جێ بخات.
۵
ڕه‌نگه گه‌ڕانه‌وه بۆ شیعری شاملوو و هه‌وڵه‌کانی شاملوو، به سانایی ئه‌مه بسه‌لمێنێ، که زۆرترین هه‌وڵی بۆ جێخستن و جێگرکردنی شیعری نوێی فارسی داوه. هه‌روه‌ها به شێوه‌ی تایبه‌تیی خۆی ده‌ستی دایه تیۆریزه‌کردنی شیعری نوێ. هه‌وڵێک، که له خودی نیماوه ده‌ستی پێ‌کرد. ئه‌مه نه‌ک به‌و واتایه، که شاملوو پشتی له ئه‌ده‌ب و شیعری کلاسیک کردبێت، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه، به‌رده‌وام ئاوڕی له په‌خشان و شیعری کلاسیک داوه‌ته‌وه و سوودێکی زۆریشی له زمانی ئه‌ده‌بی کلاسیک وه‌رگرتووه. شاملوو، له کتێبی هه‌وای تازه به‌ملاوه، کێش و سه‌روا و عه‌رووزی نیمایی وه‌لا نا و له‌باتیی کێش و سه‌روا، بیری له ئالتێرناتیڤی دیکه كرده‌وه و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه، مۆسیقای ناوه‌کیی هه‌ڵبژارد. بۆ ئه‌مه‌یش، ڕێیه‌کی دژواری گرته به‌ر، که بریتی بوو له بانگهێشتکردن و ڕۆچوون به نێو ئه‌ده‌بی په‌خشان و شیعری فارسی‌دا و دۆزینه‌وه‌ی زمانێکی تایبه‌ت و موتوربه‌کردنی ئه‌م زمانه به بابه‌ت و باسی ڕۆژ و زمانی سه‌رده‌مه‌وه. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی شاملوو، ته‌نیا دۆزینه‌وه‌ی لایه‌ن، یان به‌رده‌بازێکی فۆرمیک نه‌بوو، به‌ڵکو به‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه، شاملوو هه‌وڵی سازکردنی نیگایهکیشی دا، که به نیسبه‌ت شیعری فارسییه‌وه، نیگایه‌کی تازه‌تر بوو. تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م نیگایه، بریتی بوو له ئاماده‌بوونی مرۆڤ، یان سوبژهیهکیهاوکات عاشق و خه‌باتکار و هه‌ڵوه‌دای جوانی و پاکی و دژ به ناشیرینی و تاریکی. ئه‌م سوبژهیه، هه‌ندێكجار به تۆخی و هه‌ندێكجار به که‌مڕه‌نگی له سه‌رانسه‌ری شیعری شاملوودا ده‌بینرێ. هه‌روه‌ها من و پێرسۆنایه‌کی دیکه‌ی شاملوو، تا ڕادده‌یه‌ک نارسیستی و خۆخۆشهویسته، که ئه‌م پێرسۆنایه زۆرجار بۆ خودی که‌س و تاکی شاعیر ده‌گه‌ڕێته‌وه و حه‌ز به ستایش، دیتن، له لووتکهدابوون و قاره‌مانیه‌تیی ده‌کات. شاملوو، له تێکه‌ڵکردنی ئه‌م دوو سوبژهیه، که له هه‌ندێك خاڵدا به سانایی پێکه‌وه کۆ ناکرێنه‌وه، وه‌ک: (فیداکار/ خۆخۆشه‌ویست) پێرسۆنایه‌کی تایبه‌ت ساز ده‌کا، که دیسان له شیعری فارسی‌دا، تازه‌یه. ئه‌م سوبژهیه، کاتێک له من ده‌دوێ، مه‌به‌ستی ئێمه‌یه و کاتێک تاکیش له ئارادایه، نوێنه‌رایه‌تیی هه‌مان ئێمه ده‌کات. بۆیه مرۆڤی شاملوویی سه‌رله‌به‌ر تیپیکاڵن. به گشتی، نیگای شاملوو بۆ مرۆڤ قارهمانخواز و تاڕادده‌یه‌ک ئایدیاله. مرۆڤی شاملوویی ده‌ردی هه‌یه، دهردیهاوبهش، زۆرجار جه‌نگاوه‌رێکی عاشقه، بۆیه ناڕازییه و هه‌ندێك جاریش ڕۆمانتیکه. پێرسۆنای ئاخێوهریشیهاوکات هه‌م پێیه‌کی له نێو بایه‌خه ئهزهلییهکاندایه و هه‌م دژی ڕه‌شی و تاریکی و ناشیرینییه، که به لایه‌نگریی نوێبوونه‌وه و تازه‌یی شه‌ڕ ده‌کات. ئه‌مانه‌یش به بۆچوونی شاعیر، له کۆنه‌کان و ڕابردووه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن. ئه‌م سوبژهیه، که پێرسۆنا و زۆرجار ئاخێوه‌ری زۆربه‌ی ده‌قه‌کانی شاملووه و له دهردههاوبهشهکان ده‌دوێ، شیعری ئه‌وی کردووه به شیعرێکی ده‌رگیر و گشتبین، که بڕوای به بنبڕیهتی، یه‌قین، خێری گشتی، به‌دی، شه‌ڕ، جوانیی ڕه‌ها و… هه‌یه. گشت ئه‌مانه‌یش له ڕاستای ته‌ئیدی ژیان و هه‌ندێكجار مه‌رگی به شکۆ و فیداکارانه ]له ڕێی جوانیدا[ و بهرهوپێشڕۆیشتن و تازه‌بوونه‌وه ده‌خاته گه‌ڕ. ئاساییه لێره‌دا، جوانی بۆ شاملوو، به پێناسه کانتییه‌که‌ی واتایه‌كی ئه‌وتۆی نییه و جوانی و ده‌قی شیعری ناتوانێ بۆ خۆی و ناسوودمه‌ند بێت. بۆیه، شیعری شاملوو زۆرجار (له عاشقانه‌ترین شیعره‌کانیشیدا) ناتوانێ خۆی له ئازار و کێشه کۆییه‌کان، ناهومێدییه گشتییه‌کان، ستایشی بایه‌خه هومێدبهخشهکان و پرسه‌کانی كۆمه‌ڵ لا بدات، به‌ڵام، شاملوو هێنده زیره‌ک و وریایه، که سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست نه‌کات به جه‌وهه‌ری شیعری و سه‌رجه‌م ڕه‌هه‌نده‌کانی شیعر له خه‌یاڵ و زمانه‌وه بۆ وێنه و مۆسیقا و فۆرم نه‌خاته خزمه‌تی واتاوه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌نده‌یش به توانایه، که هه‌موو واتایه‌كی مهیلهوئایدیۆلۆژیک به بابه‌تێکی گه‌وره‌تره‌وه گرێ بداته‌وه، وه‌ک لایه‌نگری له جوانی، عه‌شق، ئینسانییه‌ت و بایه‌خه باڵا مرۆییه‌کانی دیکه.
۶
شیعری شاملوو، ناوانێکی وه‌ک شیعری بێ کێش، سپید ]سپی[ و… لێنراوه، به‌ڵام وێده‌چێ، شاملوو توانیبێتی وه‌ک نیما، زیاتر له هه‌موو ناوێک بۆ شیعری خۆی، ناوی شیعری شاملوویی جێ خستبێت. شاملووییبوون وه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌ک، هه‌م ده‌قی به‌هێزی لێکه‌وته‌وه، هه‌م ده‌قی لاواز. خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌وتی شیعری شاملوو، ئه‌م ڕاستییه ده‌رده‌خات، که شاملوو له دابه‌زین و هه‌ستاندا، زیاتر به‌ره‌و هه‌ستان ڕۆیشتووه، به‌ڵام دابه‌زینه‌کانیش ئه‌گه‌رچی کاتین؛ دیسان به‌رچاون. شاملوو، به‌رده‌وام هه‌وڵی بیناکردنی کۆشک و ته‌لارێکی دا، که: شکۆ، ئهڤینداریهتی، پێداگری، لایه‌نگری له بایه‌خه‌کان، (به فۆرم و شێوازی جیاوازه‌وه) گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و کۆشکه‌ن.
ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین زمان گرنگترین چه‌مکی فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بیی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بووه، بێگومان له گرنگترینیان بووه. تا ئێسته‌یش کهڵكهڵهی زۆربه‌ی شاعیران و بیرمه‌ندان له‌گه‌ڵ ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌دا و تێگه‌یشتن له کارکرد و شێوه‌ی دانوستان له‌گه‌ڵیدا کاڵ نه‌بووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی زمان وه‌ک چه‌مکی فه‌لسه‌فی و ته‌نانه‌ت سیاسییش گرنگیی وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئه‌ده‌بیات و به تایبه‌ت شیعر، له‌م نێوه‌دا پشکێکی زۆرتریان به‌رکه‌وتووه. پرسی زمان به نیسبه‌ت شاعیرانه‌وه، وه‌ک پرسێکی جه‌وهه‌ری و سه‌رتر له‌وه‌یش، چه‌شنی ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ زماندا، هه‌ندێكجار، وه‌ک خودی پرۆسه‌ی ئافراندنی شیعری لێهاتووه. شاملوویش، وه‌ک شاعیرێكی هه‌ستیار به نیسبه‌ت وشه و زمانه‌وه، وه‌ڵام و هه‌ڵوێست و ڕه‌فتارناسیی خۆی له ئاست زماندا هه‌بووه. له‌م ڕوانگه‌وه، ئه‌وه‌ی له شیعری شاملوودا زۆر به‌رجه‌سته‌یه، ته‌نرانی شیعر و زمانی شیعرییه‌تی، له نێو مێژووی زمانی فارسی‌دا، یان به واتایه‌کی دیکه: حهرهکهتکردنیهتی له سه‌رانسه‌ری میژووی ئه‌ده‌بی ئه‌و زمانه‌دا و شکۆمه‌ندیی زمانی شاملوویش هه‌ر لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئه‌م تهنرانه، له لایه‌که‌وه بریتییه له دهستهاویشتن بۆ زمانێکی ئارکائیک و موتوربه‌کردنی به هه‌ندێك پارامێتری زمانی و که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌رده‌مه‌وه، هه‌روه‌ها ڕۆچوون به نێو زمانی کووچه و بازاڕ و ته‌نانه‌ت ئه‌ده‌بی فولکلۆریک و منداڵاندا. خودی ئه‌م بزاوته به گوته‌ی فورمالیسته ڕووسییه‌کان، به‌رده‌بازێکی شیعری و فۆرمیکه، که ده‌بێته هۆی به‌رجه‌سته‌بوونی شیعرییه‌ت. ئه‌گه‌ر به‌ربژاری هه‌ندێك شاعیر له‌گه‌ڵ زماندا به‌وه ده‌گات، که زمان و به‌رجه‌سته‌کردنی زمانی ببێته هه‌موو، یان زۆر لایه‌نی شیعر، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه به لای شاملووه‌وه، نه‌ک بۆ چۆنگوتن، به‌ڵکو بۆ خودی گوتن، گرنگه. شاملوو، وه‌ک زۆر شاعیری دیکه، بڕوای به سیحری په‌یڤ هه‌یه و ته‌نانه‌ت زمانی به لاوه پیرۆزه. به‌ڵام نه‌ک په‌یڤ له خودی خۆیدا، بهڵکوهاوکات، هه‌م بۆ خۆی و هه‌م بۆ مه‌دلوول و واتاكان. واتای پهیڤهکانیش له خزمه‌تی بایه‌خه جاویدهکاندایه، که مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی به شێوه‌ی گشتی و تیپیکاڵ له ژوور هه‌موویانه‌وه‌یه. بۆ شاملوو، زمان- یان وه‌ک خۆی ده‌ڵێ: په‌یڤ– به واتا و ده‌نگیه‌وه گرنگه. ئه‌م گرنگییه ته‌نیا به دیوێکی فۆرمیکدا گرنگیی پێ نادرێت، به‌ڵکو هه‌روه‌کو خودی شاملوو به‌رده‌وام جه‌ختی له‌سه‌ر کردووه، گوتن بۆ ئه‌و له پێشتره. واته، گوتن بۆ شاملوو بریتییه له: هه‌ڵبژاردنی وشه بۆ گوتن و ڕه‌چاوکردنی باری واتایی و باری مۆسیقایی په‌یڤ و پیته‌کان ]ئێلیترهیشێن[. بۆیه، شیعری شاملوو، به‌رده‌وام ده‌یه‌وێ قسه‌یه‌کی هه‌بێت، ده‌یه‌وێ شتێکی شایانی گوتنی هه‌بێت، که مۆسیقا و تۆن و ده‌نگی پهیڤهکانیش (نه‌ک یارمه‌تیده‌ر) به‌ڵکو به‌شێکی سه‌ره‌کی بن. به‌و به‌ربژاره زمانییه‌وه و به‌م داواکارییه‌وه، به ناچاری ڕه‌هه‌ندێکی پارادۆکسیکاڵ سه‌رهه‌ڵده‌دات. واتا ڕووکردی شاملوو بۆ به‌رده‌بازێکی فۆرمیک، ئه‌نجامگرییه‌کی واتایی و ناوه‌ڕۆکیی لێ ده‌که‌وێته‌وه، که چییه‌تیی ئه‌م پارادۆکسه ده‌خاته به‌رچاو. به‌ڵام ئه‌مه له ده‌قه شیعرییه‌کانی شاملوودا بووه‌ته تایبه‌تمه‌ندییه‌کی سه‌ره‌کی و له ساده‌ترین ده‌رکه‌وته‌یدا، وه‌ک نموونه‌یه‌ک ده‌توانین بڵێین، شاملوو، به زمانێکی پڕشکۆ و ئارکائیک و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار شهتحیاتی عیرفانییه‌وه، باسی ڕۆژانهترین کهڵکهڵهکان و مرۆڤه‌کانی سه‌رده‌م و عه‌شقه زه‌مینییه‌کان ده‌کات. لێره‌وه، شیعری شاملوو به‌رده‌وام غافڵگرمان ده‌کات، هه‌م له باری زمانی و هه‌م له باری واتاییه‌وه، شاملوو زۆرجار به پێداگرییه‌وه ئه‌ندێشه و بۆچوونی خۆی له شیعردا ده‌رده‌بڕێ، به‌ڵام به زمانێک که ئاهه‌نگ و ئیقاع، یان هه‌مان مۆسیقای ناوه‌کی، له حاڵه‌تی مانیفێست و یه‌قین دووری ده‌خاته‌وه. ئه‌مه‌یش هه‌ڵبه‌ت به یارمه‌تیی توانای فۆرمیکی ده‌ق و خه‌یاڵکردی شاعیر سه‌ر ده‌گرێت، که زۆرجار شیعرهاوکات هه‌م له بواری زمان و هه‌م له بواری واتادا ڕوو ده‌دا.
۷
سه‌ره‌ڕای نزیکبوونی زمانی فارسی و کوردی، ڕه‌نگه هیچ شاعیرێکی ئێرانی، جگه له خه‌ییام– وه‌ک ڕیزپه‌ڕێک- به‌ختی ئه‌وه‌ی نه‌بووبێت، که به باشی به زمان و ئه‌ده‌بی کوردی بناسێندرێت. ئه‌م داخران و خۆماندوونهکردنهی زمانی کوردی له ئاست ئه‌ده‌بی بیانی و ته‌نانه‌ت دراوسێ نزیکه‌کانییه‌وه، کۆمهڵههۆکارێکی هه‌یه، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه، ترس له پێوه‌ندی و ته‌نانه‌ت زه‌نده‌قچوون له گۆڕان و خۆخستنه به‌رده‌م ئه‌زموونی داهێنه‌رانه‌ی کولتووری دیکه، چونکه هه‌موو وه‌رگێڕانێك بهرمهحهکخستنی کو‌لتوور و زمانی مه‌به‌سته. به تایبه‌ت وه‌رگێڕانی شیعر، که ته‌نیا ڕاگواستنه‌وه‌ی واتایی نییه و ده‌توانێ کاریگه‌ریه‌تیی له‌سه‌ر ڕیشه‌ی زمان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار ده‌ستکاریکردنی بناغه‌ی زمانی مه‌به‌ستیشی به‌دوادا بێت. ئه‌مه به‌ده‌ر له‌وه‌ی، که وه‌رگێڕانی شیعر و ئه‌ده‌بی داهێنه‌رانه‌ی وه‌ک: ڕۆمان و چیرۆک و ده‌قی فه‌لسه‌فی، ناچاره بکه‌وێته به‌رده‌م وه‌رگرتن یان گۆڕین و ئالتێرناتیڤ دۆزینه‌وه و داتاشینی وشه و چه‌مک و ڕیتم و مۆسیقای کولتووری زمانێکی دیکه‌وه. خودی ئه‌مه به نیسبه‌ت زمانی مه‌به‌سته‌وه، هه‌م به‌خته و هه‌م ڕیسک، به‌ڵام زمانی کوردی- به تایبه‌ت له نیوه‌ی دووهمیسهدهی بیسته‌م به‌ملاوه- له‌به‌ر خۆپاراستن و خواستی ڕه‌سه‌نایه‌تی، پشتی له‌و به‌خته کردووه، که له ڕێی وه‌رگێڕانه‌وه، گه‌شه‌سه‌ندن و کرانه‌وه به خۆیه‌وه ببینێ. له نیوه‌ی دووهمیسهدهی بیسته‌م به‌ملاوه، هه‌وڵێکی سه‌یر ده‌بینین، بۆ خاوێنکردنه‌وه‌ی زمانی کوردی، له هه‌موو وشه‌یه‌کی بیانی و دواجار هه‌موو ئه‌و ڕیتم و تۆنه جیاوازانه‌ی، که له‌گه‌ڵ زمانی کشتوکاڵیی کوردی‌دا یه‌ک ناگرنه‌وه. خودی ئه‌م هه‌وڵه- که وه‌رگێڕانیشی به‌رده‌که‌وێ- یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کانی گرفتی لاوازی ئێسته‌ی زمانی کوردییه، که نیشانه و سیمپتۆمیترسه له تێکه‌ڵبوون و له‌ده‌ستدانی پاکی و ڕه‌سه‌نایه‌تی. وه‌رگێڕان له پێناسه‌یه‌کدا، بریتییه له لێكدرانی بهرههمیدوو زمان و دوو کولتووری جیاواز. ڕه‌نگه له‌م گوزهرهشهوه هه‌ندێك وشه‌ی بیانی دزه بکه‌نه نێو زمانه‌وه، به‌ڵام ئۆپێراتۆری ڕهسهنخوازیی وه‌رگێڕانی کوردی، ڕێیه‌کی دۆزیوه‌ته‌وه، که بریتییه له بچووککردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌کانی وه‌رگێڕان و به شانازیشه‌وه دایده‌به‌زێنێته سه‌ر وشه په‌تییه کوردییه‌کان. لێره‌وه، وه‌رگێڕان و وهرنهگێران شتێکی ئه‌وتۆ بۆ زمانی کوردی زیاد ناكه‌ن. له هه‌ر حاڵ‌دا، وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قانه‌ی، که به‌ستراوی و تێکتهنراویی زمانی و مۆسیقاییان زۆرتره، دژوارترن و ڕیسکی زیاتریان ده‌وێ. وه‌ک باسی لێوه کرا، شیعری شاملوویش، هه‌ڵگری هه‌مان تایبه‌تمه‌ندییه و به ته‌واوه‌تی پێی له نێو مێژووی زمانی فارسیدایه. ئه‌مه‌یش وه‌رگێڕانی شیعری شاملوو دژوارتر ده‌کاته‌وه. ئه‌ویش کاتێک بزانین، که شاملوو، به که‌ڵکوه‌رگرتن له زمانی ئارکائیکی فارسی، شکۆ و فهخامهتێکی تایبه‌تی به زمانی شیعری خۆی داوه. گه‌ر واقیعبینانه له‌م زمانه بڕوانین، ئالتێرناتیڤێکی ئه‌وتۆی له زمانی کوردی‌دا نییه و وه‌رگێڕی شاملوو ناچاره شتێکی دیکه جێ‌نشین بکات. خودی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی وه‌رگێڕ، تا ڕادده‌یه‌ک قه‌ده‌ری وه‌رگێڕانه‌که دیار ده‌کات، یان هه‌مان ئۆپێراتۆر ده‌که‌وێته گه‌ڕ و زمانی شاملوویش وه‌ک شکسپیێر و بێکێت و فرووغ و کانت و نیچه و ده‌یانی دیکه… ده‌کات به زمانێکی مهیلهوجووتیاری، یان ڕیسک ده‌کات و هه‌وڵ ده‌دات زمان، له‌حن، ڕیتم و وشه‌گه‌لێکی نوێ و ناڕه‌سه‌ن- به‌ڵام پێویست- بهێنێته ناو زمانی کوردییه‌وه و ئه‌م زمانه تووشی قه‌یران و ماندووبوون بکات.
۸
به نیسبه‌ت ئه‌و ده‌قانه‌ی، له شاملوو، وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی کوردی، هه‌ندێکیان له ئاستی باسکردندا نین و ڕه‌نگه بایه‌خی ئه‌وه‌یشیان نه‌بێت، که بخرێنه به‌ر ڕوانینی وردی ڕه‌خنه‌ییه‌وه. به‌شێکی دیکه‌ش که قه‌بووڵکردنێکی ڕێژه‌ییان له‌گه‌ڵدایه، زیاتر ڕه‌هه‌ندی واتایی شاملوویان به‌رجه‌سته کردووه‌ته‌وه. به نیسبه‌ت ئه‌و واتایه‌وه، ڕیتمێکی ڕۆمانتیکیان هه‌ڵبژاردووه، که زۆرجار له‌گه‌ڵ مۆسیقای ناوه‌کیی شیعری شاملوودا یه‌ک ناگرنه‌وه. لێره‌وه، زۆرجار ئه‌و ڕیتم و حاڵه‌ته (مطنطن و فاخر)ـه‌ی، که له ده‌قی سه‌ره‌کیدا هه‌ن، له ده‌قی وه‌رگێڕدراودا نابیندرێن. ئه‌مانه وایان کردووه خوێنه‌ری کوردیی شیعری شاملوو، بڕوا نه‌کات، که ئه‌م ده‌قانه بهرههمیشاعیرێکی ناسراو و گرنگ بن، چونکه زیاتر وه‌رگێڕانی واتامهدارن و له باشترین حاڵه‌تدا کێشیان له جیاتیی مۆسیقا داناوه. که‌واته وه‌رگێڕانێکی دیکه‌ی شیعری شاملوو، ده‌بێ شتێکی جیاوازی هه‌بێت، که شیاوی بڵاوکردنه‌وه بێت. ئه‌وه‌ی به‌ڕۆژ ئاکره‌یی به گشتی له‌م کتێبه‌دا چیی کردووه، باشتره بۆ ڕه‌خنه‌گرانی (هه‌رگیز نه‌بووی) ئه‌ده‌بی کوردی!! دابندرێت. لێره‌دا، به کورتی ته‌نیا ئاماژه به چه‌ند خاڵێکی جیاوازی ئه‌م وه‌رگێڕانه ده‌ده‌م؛ جیاوازییه‌ك له مه‌رجی سه‌ره‌تایی و پێویستی وه‌رگێڕاندا هه‌یه، که بریتییه له زانین و زاڵبوون به‌سه‌ر هه‌ردوو زمانی ده‌ستپێک و مه‌به‌ستدا، که خاڵێکی گرنگی جیاوازیی به‌ڕۆژه له چاو زۆربه‌ی وه‌رگێڕه کورده‌کانی شاملوودا. هه‌روه‌ها، باشناسینی جیهانبینی، زمان و شیعری شاملوویی، گرنگی و پێویستییه‌که، که وه‌رگێڕ وه‌ک شاعیرێک، له نزیکه‌وه و له ڕێی ده‌قه‌کانی شاملووه‌وه، ئه‌م مه‌رجه‌یشی ده‌سته‌به‌ر کردووه. گرنگتر له‌مه، پێموایه: وه‌رگێڕ، تۆناژ و ڕیتم و هه‌روه‌ها ئالتێرناتیڤی زمانیی بۆ زۆربه‌ی ده‌قه‌کان سازاندووه و مۆسیقا و زمانی تایبه‌تی دۆزیونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش به خۆنهبهستنهوه به ستایلێکی ئاماده‌ی وه‌رگێڕانی کوردی و که‌ڵکوه‌رگرتنێکی بوێرانه له پوتانسییه‌له ناسراو و نه‌ناسراوه‌کانی زمانی کوردی، به پێی پێویست و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی شیعره‌کان له زمانی کوردی‌دا.
له کۆتاییشدا، به پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌یه‌کی خێرا به چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌شیعره بکرێت؛ یه‌که‌م: له‌م کتێبه‌دا هه‌وڵ دراوه ڕه‌وتی شیعری شاملوو و گۆڕانکاری و جۆراوجۆریی شیعره‌کانی بنوێندرێت، واتا، ته‌نیا شیعری عاشقانه، کۆمه‌ڵایه‌تی، یان ڕیتمیک هه‌ڵنه‌بژێردراوه. بۆیه، خوێنه‌ری کورد ده‌توانێ تا ڕادده‌یه‌ک ڕه‌وت و گرایشه جیاوازه‌کانی شاملوو، بدۆزێته‌وه. دووهه‌م: وه‌رگێڕ، هه‌وڵی داوه ڕیسک له له‌حن و مۆسیقا بکات و به هه‌ستیارییه‌وه جێگره‌وه بۆ ده‌قی سه‌ره‌کی بدۆزێته‌وه، که ئه‌مه‌یان له شیعره ڕیتمیک و “موزیکاڵ”ـه‌کاندا به‌رچاوتره. سێهه‌م: وه‌رگێڕ، ته‌نیا هه‌وڵی نه‌داوه، که واتا و ناوه‌ڕۆک، به‌ڵکو ویستوویه فۆڕمیشیعری شاملوویش وه‌ربگێڕێت. ئه‌مانه به‌شێک له‌و هه‌وڵانه‌ن، که له‌م کتێبه‌دا دراون و مه‌رج نییه وه‌رگێڕ له وه‌رگێڕانی هه‌موو ده‌قه‌کاندا وه‌کو یه‌ک سه‌رکه‌وتوو بووبێت. به‌ڵام تێکڕای ده‌قه‌کان، ماندووبوونی وه‌رگێڕ و ماندووکردنی زمانی کوردی‌یان پێوه دیاره.
ڕه‌زا عه‌لی پوور
