” چه‌ند ئه‌سته‌مه… هه‌م گۆڕ و هه‌م گومه‌ز و هه‌م گۆڕستان بم… چ ئه‌سته‌مه” (حه‌سار/شێرزاد حه‌سه‌ن)
له‌م کاره‌ساتی باوککوشتنهدا که دۆخی فه‌رهه‌نگی مودێڕن تووشیهاتووه، نه‌وه‌کانی سه‌رده‌م نه له دێوئهزمهی تاقه‌تپڕووکێنی باوک رزگاریان بووه و نه‌ش توانیویانه وه‌کوو میراتگری باوک، ببنه تاقه شێری نێو حه‌ساره‌که و به گێڕانه‌وه‌ی تراژێدیای باوان، گرێوگۆڵی ئودیپیی خۆیان درێژه بده‌ن. قه‌یرانی ئه‌ده‌ب(the crisis of literature) بهرههمیساتی قه‌یرانه؛ کاتێک نه‌زم و ریزبه‌ندیی کۆمه‌ڵگا تێکدهشێوێت و جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات له جێگای خۆیان ده‌ترازێن،هاوئاهه‌نگی و کارکردی سیسته‌م به ئاژاوه و کرداری ناڕێسامهند تێکده‌چێت و ئه‌م دۆخه ئاوارته‌یه وه‌کوو شۆک و نادابینکراوی، له پانتایی ئه‌ده‌بدا شه‌پۆل و هه‌ژانی لێده‌که‌وێته‌وه. کاتێ کوڕه‌کان سێبه‌ری ئۆتۆریته‌ی باوک واته مه‌ترسی خه‌ساندنیان له‌سه‌ر ده‌مێنێته‌وه ناتوانن ناوی باوک(Name-of-the-Father) ده‌روونی بکه‌نه‌وه و رێساکانی سیستهمیهێمایی(زمان، قانوون) له‌خۆ بگرن؛ ئالێره‌دایه که تێگه‌یشتن و ده‌ربڕینه‌کانیان روو له ئاوهزشێواوی و ئاژاوهبێژی ده‌کات و دیارده‌ی قه‌یران خۆی ده‌نوێنێت.
دیارده‌ی قه‌یران ده‌توانێ له هه‌ناوی رووداو و گۆڕانکاری جیاوازدا سه‌رهه‌ڵبدات و کاریگه‌ری خۆی دیسان به شێوه‌ی جیاواز له‌سه‌ر ئه‌زموونی تاکی هونه‌رمه‌ند تۆمار بکات. غوربه‌ت و دوورکه‌وتنه‌وه له نیشتمان، دابڕان له ئۆبژه‌ی خۆشه‌ویستی، مردنی که‌سه نزیکه‌کان، ته‌ریککه‌وتنه‌وه له نێو کۆمه‌ڵگا، دۆخی که‌مایه‌تی و که‌وتنه ژێر سه‌رده‌ستیی زۆرینه، شۆڕش و گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، شه‌ڕ و ناسه‌قامگیری، شۆکی فه‌رهه‌نگی و زمانی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگیدا و… ده‌توانن به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌و دۆخه بن که نه‌زم و سه‌قامگیری رابردوو تێکده‌ده‌ن و سووژه به‌ره‌وڕووی دۆخێکی ئاوارته و نامۆ و نادابینکراو ده‌که‌نه‌وه.
فرۆید له وتارێکدا به نێوی “یادکردنه‌وه، دووپاتکردنه‌وه و ستراتێژی”(۱۹۱۴)، جیاوازی دوو چه‌مکی یادکردنه‌وه(remembering) و دووپاتکردنه‌وه(repeating) ده‌خاته به‌رباس و ده‌ڵێت کاتێ خاوه‌ن مردوو نه‌توانێت له‌گه‌ڵ واقیعی له‌ده‌سدانی ئازیزه‌که‌یدا رابێت و له‌ڕێگای ره‌سم و رێسای شینگێڕانهوه ئه‌و ترۆمایه له‌سه‌ر تێنه‌په‌ڕێنێت تووشی “مهخولیا” واته نه‌فی و نه‌لێکردنی واقیع ده‌بێت. سووژه‌ی خاوه‌ن مردوو لێره‌دا بههاوشوناسی له‌گه‌ڵ ئۆبژه‌ی مردوودا، خۆی نه‌فی ده‌کاته‌وه و تووشی راوه‌ستان و قه‌یرانێکی بنه‌مایی ده‌بێت که تێیدا بیره‌وه‌ری ترۆماتیک به‌رده‌وام بۆی پاته ده‌بێته‌وه؛ واته ئه‌و رووداوه‌ی که تایبه‌تی زه‌مه‌نی به‌سه‌رچوو بووه به‌رده‌وام له ئێستای ته‌مه‌نیدا به‌سه‌ریدا ده‌ڕووخێت و سهقامیفیکری وهاوگرتوویی هه‌ست و نه‌ستی تێکده‌دات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خاوه‌ن مردوو بتوانێت ئه‌و بیره‌وه‌رییه ناخۆشه له رێگای شیاودا، وه‌بیربهێنێته‌وه، ده‌کرێت زهمهنمهندی(temporality)یه‌کی درووستی بۆ دابین بکات و به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ رابردوو له جێگای تایبه‌تی خۆیدا بیگرسێنێتهوه. له نموونه‌کانی دیکه‌دا هه‌روه‌تر ئه‌م جیاوازی وه‌بیرهێنانه‌وه و پاته‌کردنه‌وه ده‌توانێ جێباز بێت؛ وه‌ک نموونه کاتێک سووژه‌ی نامۆ(stranger) نه‌توانێ ده‌گه‌ڵ واقیعی دوورکه‌وتنه‌وه و دابڕان له نیشتمان و هه‌ڤاڵانی خۆی رابێت، یان سووژه‌ی گرێدراوی نهزمیکۆن نه‌توانێ ده‌گه‌ڵ فۆرماسیۆنهکانی دۆخی نوێ رێک بکه‌وێت و … دۆخێکی قه‌یراناوی ساز ده‌بێت که سووژه‌ی مهخولیایی تێیدا به‌رده‌وام ئه‌و بیره‌وه‌رییه تاڵ و تاقهتکوژانه پاته ده‌کاته‌وه و ئێستا و داهاتووی له هێرش و هه‌ژمه‌تی رابردوویه‌کی دڵکوت و هه‌ژێنه‌ردا تووشی شپرزه‌یی و نه‌زۆکی و راوه‌ستان ده‌کات. له ئاوه‌ها دۆخێک‌دا که ناجێگیری و ناسه‌قامگرتوویی و دووپاتکردنه‌وه‌ی بهردهوامیخهسار و ناته‌واوی رێگا له به‌دیهاتنی ئاسۆی قۆناغێکی نوێ له سووژه‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌گرن، بابه‌ت و بهرههمینهزۆک و پاته‌کراو و شێوانشێو پانتایی ئه‌زموونی هونه‌ری داگیر ده‌که‌ن. له‌م دۆخه قه‌یراناوییه‌دا ئه‌و شاعیر و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که ناتوانن شهپۆک و زهربهتهکانی قه‌یران ده‌روونی بکه‌نه‌وه و شۆکه دڵکوتهکانی له بازنه‌ی به‌رهه‌مدا وه‌گیر و وه‌گه‌ڕ بخه‌ن تووشی دهمهلاسکێیهکی بێناوه‌رۆک و گهمهجاڕبێژییهکی سه‌خیفانه ده‌بن و دیارده‌ی قه‌یران له ئاستی رووکه‌شیدا به‌رفراوانتر و فرهگیرتر ده‌که‌نه‌وه. بۆ نموونه کاریگه‌رییه‌ک که ته‌کنۆلۆژیای نوێ له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی “بهرههمیهونهری” و کۆپی و فرهپهرهدانیدا هێنایه ئاراوه، جیاوازی نێوان فه‌رهه‌نگی واڵا(high culture) و فه‌رهه‌نگی نه‌وی(low culture) و ههموانهکیکردنهوهی بابه‌ته هونه‌رییه‌کانی لێکه‌وته‌وه و لایه‌نی رامانگهرانه و ره‌خنه‌گرانه‌ی له پانتایی زۆربه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌دا سڕییه‌وه. قوتووه سووپ(۱۹۶۲)ه‌کانی بهرههمیهونهرمهندی پۆست‌مۆدێڕن؛ “ئه‌ندی وارهۆڵ” و هه‌روه‌ها فیگۆری “مه‌دۆنا”؛ سترانبێژی ناسراوی پاپی جیهان که به سیمبۆلی فه‌رهه‌نگ و مۆدی پاشمودێڕن ناودێر کراوه ئه‌و نموونه سه‌ره‌کیانه‌ن که وه‌کوو بهرههمیقهیرانی فه‌رهه‌نگی مودێڕن دێنه ئه‌ژمار. فه‌رهه‌نگی مۆدێڕنیستی سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م که جویس و پرۆست و کافکا و پیکاسۆی به‌رهه‌م هێنا؛ له هه‌ناو لۆژیکی فه‌رهه‌نگی کاپیتالیستی سه‌رده‌مدا وارهۆڵ، مه‌دۆنا، گریس جۆنز و له‌یدی گاگا به‌رهه‌م دێنێت که هونه‌ر تا ئاستی راگه‌یاندن و نواندنه‌وه‌ی میدیایی داده‌به‌زێنن و به رێژهخوازییهکی(relativism) بونیادی و بێناوه‌رۆک هه‌موو شتێک له شێوازی رووت و قووت و بێکێشه و بێمهبهستدا نومایش ده‌که‌ن. کاتێک مه‌دۆنا سه‌باره‌ت به ناوه‌رۆکی ئه‌و کتێبه‌ی له‌ژێر ناوی “S++E++X“دا بڵاوی کردۆته‌وه به‌ره‌وڕووی پرسیار ده‌بێته‌وه، ده‌ڵێت:” ته‌نیا چه‌شنێک فانتازیایه. چه‌شنێک نواندنه‌وه‌یه. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌م کتێبه‌م نووسیوه تا خه‌ڵکی بانگهێشت بکه‌م له جیهانێکی خه‌وناویدا ون ببن، کاتێکی خۆش به‌سه‌ر به‌رن، و خۆش رابوێرن.”
ته‌کنۆلۆژیای نوێی میدیایی و فه‌زای وێرچواڵ له ئێستای کوردستاندا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که لایه‌نی ئه‌رێنی هه‌بووه و توانیوویه به‌ربه‌سته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و فیلته‌ره‌کانی سانسۆر تێپه‌ڕێنێت بهڵامهاوکات قه‌یرانێکی فه‌رهه‌نگی هێناوه‌ته ئاراوه که تێیدا هه‌موو که‌س له هه‌ر ئاستێک‌دا مه‌جالی ده‌ربڕینی فیکری و ره‌خنه ئه‌ده‌بی و هه‌ڵسه‌نگاندنی هونه‌ری به شێوه‌یه‌کی نه‌شیاو و بێپره‌نسیپ بۆ ساز بووه. له ئاوه‌ها دۆخێکدایه که سنووره‌کانی نێوان “چاک” و “چیپ” و پێوه‌ره‌کانی هه‌ڵسه‌نگاندنی “شاکار” و “شانتاژ” کاڵ ده‌بێته‌وه و فه‌رهه‌نگی دژهڕامانگهرانهی کورتبینانه و کورتخوێنانه په‌ره ده‌ستێنێت. له دۆخی قه‌یراناوی ئه‌ده‌بدایه که هه‌ر ده‌ربڕینێکی گه‌مژانه به لێشاو بڵاو ده‌بێته‌وه و هه‌ر چه‌شنه به‌رهه‌مێکی به‌پێز و تۆکمه‌ش له ته‌نیشت ئه‌ودا ده‌بینرێت و له ئاست و له‌ژێر هه‌ژمۆنی ساکاربێژانه و کورتهئاستی ئه‌ودا ون و نادیار ده‌که‌وێت.
- نووسینی نامه چ سوودێکی هه‌یه،
کاتێ که‌سێک نییه بیخوێنێته‌وه. (س. بله)
- ده‌ست بۆ هه‌رچی ده‌به‌م خه‌مه،
گوڵم ده‌وێ…….هه‌ڵده‌وه‌رێ. (خه‌زاڵ)
- نازانم
من گه‌مژه‌یه‌ک بووم تۆم خۆش ویست
یان تۆ گه‌مژه‌یه‌ک بوویت و منت به‌جێ هێشت. (بینۆ)
- ئاره‌زووم نییه ببم به پیاو،
ئاخر بڕوا به‌وه ناکه‌م هیچ چۆله‌یه‌ک ویستبێتی ببێ به قه‌له‌ڕه‌ش!
هیچ کوێستانێ نه‌یویستووه ببێ به بیابان… (سۆله)
ئه‌م گهمژهبێژییانه ته‌نانه‌ت کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی به‌ناو شاعیری په‌سه‌نکراوی کۆمه‌ڵگان و بۆ دایکی نیشتمان و باوکی مێژوو و خاڵۆی سروشت هۆنراوه ده‌بێژن داناوه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له‌و شیعرانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا جیگای گوڵ و خۆشویستن و چۆله‌که بگۆڕین به وشه پیرۆزه‌کان، ئه‌و شیعرانه‌یان لێ ساز ده‌بێت که ئه‌وڕۆ پتر له هه‌ر به‌رهه‌مێکی به‌پێزی شیعری له قه‌واره‌ی زنجیره‌ی یه‌ک و دوو و سێ و… چاپ ده‌بن و کۆڕ و کووبوونهوهیان بۆ ده‌گیردرێت. با نموونه‌یه‌کیان بگۆڕین:
- له‌م نیشتمانه‌دا ده‌ست بۆ هه‌رچی ده‌به‌م خهمیلێدهبارێ
له‌م وڵاته بێکهسهمدا، گوڵ پێش پشکووتن…….هه‌ڵده‌وه‌رێ. ( مامه+خه‌زاڵ)
دۆخی قه‌یران هه‌میشه قه‌یرانی ئه‌ده‌بی لێناکه‌وێته‌وه واته ئه‌زموونه‌کانی ئه‌ده‌ب به‌رده‌وام به شێوه‌یه‌کی هۆکردانه و دهستهمۆگهرانه ناکه‌ونه داوی باڵاده‌ستیی قه‌یرانه‌وه و هه‌میشه وه‌کوو په‌رچه‌کردارێکی لاواز و نه‌زۆک ده‌رناکه‌ون. کاتێ هونه‌رمه‌ند له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ماتریسی قه‌یراندا ده‌توانێ به پراکتیسێکی شینگێڕانه خۆی له دووپاتکردنه‌وه‌ی ترۆما و خه‌ساره‌کان ببوێرێت و زهربهتهکانی شۆک و هه‌ژانه‌کانی شهپۆک ده‌روونی بکاته‌وه، ئه‌وکات رۆچنه‌یه‌ک له “قه‌یرانی ئه‌ده‌ب”ه‌وه بۆ “ئه‌ده‌بی قه‌یران” ئاوه‌ڵا ده‌بێت. ئه‌ده‌بی قه‌یران ئه‌و ئه‌ده‌به ئاوانگاردهیه که به شێوه‌یه‌کی مێژوومه‌ندانه و تێمپۆڕاڵ پێگه‌ی خۆی له ئاستی رابردوو و داهاتوودا دیاری ده‌کات و به دهستووبردێکی فورمیک و بیچمگهرانه ئێستایی و مۆمێنتی مۆدێڕنیزم له بهرههمیخۆیدا به‌رساز ئه‌دات. بێگومان ئه‌م بهفۆرمکردنی قه‌یران و شێوازمهندکردنی نادابینکراوی و ئاژاوه‌یه ته‌نیا بۆ سهردهمیهاوچهرخ ناگه‌ڕێته‌وه و له ئه‌ده‌بی کلاسیک‌دا ته‌نانه‌ت هه‌نێ ئاماژه‌ی له‌م چه‌شنه ده‌بینینه‌وه. بۆ نموونه قانع(۱۹۶۵-۱۸۹۸) که به شاعیری چه‌وساوه‌کانی کوردستان ناسراوه، له شیعرێکدا به نێوی “تور”(واته بڕگه‌بڕگه قسه‌کردن) ده‌ڵێت:
” کوکوکوردم، ززوانم، لهلهلاڵه، تهتهواو نهنهزانی، ممماڵی، کککردم، خخراو
ررفێقم، سسواری، بببا بوون و منیش رررۆژی، مهمهمهیدان، کککهر دێنمه تاو
بۆ نه‌جاتی هۆهۆهۆزم، لهلهباتی تتفهنگ سسیواک و ررریش و کهکهکهشکۆڵی شکاو“(دیوانی قانع، ۱۹۹۹)
ئه‌م شاعیره که له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ژیاوه و به هۆی ناله‌باربوونی باری ژیان و ره‌وشی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رده‌وام له نێوان سنووره‌کانی رۆژهه‌ڵات و باشووردا لههاتووچوودا بووه، داهاتنی شارستانییه‌تی نوێ و ته‌کنۆلۆژیای مودێڕنی به باشی هه‌ست پێکردوه و کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر دۆخی پاشکه‌وتووی کۆمه‌ڵگای کوردیی هوشیارانه خوێندۆته‌وه. قانع دۆخی قه‌یراناوی کۆمه‌ڵگای کوردی که له ئاستی ته‌کنۆلۆژیای پێشکه‌وتووی سه‌رده‌مدا ئه‌ستۆبه‌ندی سیواک و ریش و که‌شکۆڵی شکاوه ماوه‌ته‌وه و نایهه‌وێت ده‌ست له‌و دووپاتکردنه‌وه مهخولیاییه هه‌ڵگرێت، به شێوازێکی فۆرمیک و له چوارچێوه‌ی لاڵبێژییهکی زمانشکێنانهدا ده‌رده‌بڕێت. قه‌یرانی ئه‌ده‌ب لای قانع راسته‌وڕاست ده‌روونی ناکرێته‌وه مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که له‌ژێر زه‌ربه‌تی شۆکی گۆڕانکارییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا لاڵ ببێت و ئه‌م توربێژی و بێده‌نگبوونه نه‌وه‌ک له دهمکوتبوونێکی مهخولیاییدا به‌ڵکوو له چوارچێوه‌ی فۆرمیئهدهبی و بووتیقای لاڵبێژیدا بنوێندرێت.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له ره‌وتی مێژوویی ئه‌ده‌بی کوردی بده‌ینه‌وه ده‌بینین که ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیی زۆربه‌ی شاعیره سه‌رکه‌وتووه‌کان بهرههمیدهروونیکردنهوه و بهفۆرمکردنی دۆخی قه‌یرانه. نالی(غوربه‌ت و داگیرکاری)، گۆران(گۆڕانکاری سیاسی،زیندان)، هێمن(گۆڕانکاری سیاسی)، سواره(گۆڕانکاری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی) و شێرکۆ و شێرزاد و ره‌فێق سابیر که له‌ژێر سێبه‌ری شه‌ڕ، کاره‌سات، غوربه‌ت و براکوژیدا قه‌یرانه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆیان ئه‌زموون کردووه و هه‌رکامه‌و له فۆرمێکدا رهوایهتبێژی ئه‌و دۆخه ئاوارته و مهرگهساتئامێزه بوون که ژینگه‌جیهانی مرۆڤی کوردی پێکهێناوه. چیرۆکی دۆخی قهیرانلێکهوتووی مرۆڤی کورد له سهردهمیمودێڕندا له کۆتایی رۆمانی “حه‌سار و سه‌گه‌کانی باوکم”ی شێرزاد حه‌سه‌نه‌وه ده‌سپێده‌کات؛ ئه‌و کاته‌ی که ئهنجامیباوککوژی نه به‌ره‌و ئازادی و رزگاری به‌ڵکوو به‌ره‌و تاریکستانی گۆڕستان و به‌رده‌وامبوونی هه‌ستی گوناه و بێئۆقره‌یی به‌ره‌وپێش ده‌چێت. ئه‌م دۆخه ئه‌گه‌رچی دۆخی قه‌یران و بێباوکییه به‌ڵام خۆی له خۆیدا به‌ستێن و پێشمهرجیهاتنهئارای ئه‌ده‌بی مودێڕن یان ئه‌ده‌بی قه‌یرانه؛ واته ره‌وتی گه‌شه‌کردنی ئه‌ده‌بی جیهانی چه‌نده‌ها بڕگه‌ی باوککوشتنی به‌خۆوه دیوه تاوه‌کوو توانیویه له دۆخی قه‌یراناوییه‌وه به‌ره‌و ریتۆریک و مۆرفی قه‌یران به‌ره‌وپێش بچێت. کوشتنی ئه‌م ئه‌ویدییه مه‌زنه و پاشهاته قه‌یراناوییه‌که‌ی له رۆژئاوادا “مه‌سخ و کۆشک”ی کافکا، “یۆلیسیز”ی جۆیس، “زه‌وینی هه‌رێز”ی ئیلیۆت و “ژنانی ئاوینیۆن”ی پیکاسۆی به‌رهه‌مهێنا، ئه‌و به‌رهه‌مه مه‌زنانه‌ی که دۆخی نامۆیی و دڵه‌ڕاوکێ و ته‌نیایی پاش باوککوژرانیان به شێوه‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه و مرۆڤته‌وه‌رانه تۆمار کرد و ئاوه‌زی مرۆڤی مۆدێڕنیان له ئاست شه‌ڕ و کۆمه‌ڵکوژی، بهشمهکبوون، بیرۆکراسی، نابه‌رابه‌ری و سه‌رکوتکاری هوشیار و هه‌ستیار کرده‌وه. به‌م پێیه ئه‌ده‌بی کوردی ته‌نیا یه‌ک بژارده‌ی بۆ ماوه‌ته‌وه؛ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که دۆخی دۆزه‌خیی پاش حه‌سار نه‌وه‌ک درم و خه‌سار به‌ڵکوو وه‌کوو ده‌رفه‌تێک ببینێته‌وه و له قه‌یرانی ئێستای ئه‌ده‌بی کوردی بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌بی قه‌یران که‌ڵک وه‌رگرێت.
*حه‌وته‌نامه‌ی ده‌نگی کوردستان، ژماره ۱۵، ۲۲‌ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۵ی هه‌تاوی
