ساراتێل کاتێ له دایک بوو، چل و پێنج میتری سه‌ید خه‌ندان هێشتا ساز نه‌کرابوو. شهمس ئاوا-ش ده‌شتێک بوو کاکیبه‌کاکی. بێهجه‌ت که ماما بوو، وه‌ک ژنه سۆزانییه‌کانی ناو فیلمفارسی قینچکه گۆشتێکی زیاده له حاندی کوڵمه‌ی راستی بوو. دایکی ساراتێلیش که نه ناووناوبانگێک و نه تۆوتۆرهمهیهکی وای بوو، وه‌ک ژنه نهجیمزادهیهکی سه‌ده‌ی شازده بێ ئاخ و ئۆفێک ساراتیلی هێنا سه‌ر گۆی زه‌وی.
ئه‌م رووداوه ڕێک له‌و ساڵه‌دا بوو وا ئایه‌توڵڵا وتاره مێژووییه‌کی خوێندبۆوه. به‌یانی ئه‌و رۆژه‌ی وا ساراتێل له دایک بوو، بازاری تاران قه‌پات کرابوو. تاسووعا یان عاشوورا یان جێژنی ره‌مه‌زان نه‌بوو، شه‌شی ڕێبه‌ندانیش نه‌بوو. رۆژی تاج له سه‌رنانی شا- ش نه‌بوو.
ساراتێل نه‌گریا، نهیزیقاند. دوای ئه‌وه‌ی له زێدانی دایکی داخزیه ده‌رێ، له باوه‌شی ماماوه خۆی خسته خوارێ و وه‌ڕێ که‌وت. ماما له ترسان بووراوه. گوڵدانێکیش له سه‌ر دیواره‌وه که‌وته خوارێ و وردوخاش بوو، پشیله‌یه‌کیش له نووته‌کی شه‌ودا میاواندی ده‌نگی پشیله ته‌نانه‌ت له ده‌شتی شهمس ئاواش زایه‌ڵه‌ی داوه.
له‌و کاته‌وه تا ئه‌مڕۆ ساراتێل هه‌روا ده‌ڕوا. ئه‌گه‌ر بوێستێ، ده‌موده‌ست، کاتیش ده‌وێستێ. ئه‌وه رازێکی سه‌ربه‌مۆره و که‌س لێی ئاگادار نییه.
ئه‌مشه‌و له پاریس به‌فر ده‌بارێ و ساراتێلیش ڕێک له‌م ساته‌دا خه‌ریکه له کۆڵانی شازده‌وه به‌ره‌و لای دارستانه‌کانی بۆلۆنی ده‌ڕوا.
باوکی ساراتێل وا له‌و ساڵانه‌دا کارمه‌ندی ئیداره‌ی قهندوشهکر و لایه‌نگری سه‌رسه‌ختی ئایهتوولا بوو، دوای له دایک بوونی ساراتێل له پشت قورعانه‌که نووسیبووی: له دایک بوونی کچه خۆشه‌ویسته‌که‌م، ئهختهرولسادات… پاشان جه‌وهه‌ری خۆنووسه‌که‌ی تکه‌ی کردووه. باوکی قورعانه‌که‌ی پێوه‌داوه و ماچێکی شیرازه‌که‌ی کردووه و خستوویه‌ته‌وه سه‌ر ره‌فه‌که. هه‌ڵبه‌ت تکه‌ی جه‌وهه‌ر به سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی یهکهمیقورعاندا شمیخراپ بوو. تووکونزای ئه‌م کاره‌ساته هه‌ر له‌و ساته‌وه داوێنی ساراتێلی گرته‌وه. کاتێ باوکی شیرازه‌ی قورعانه‌که‌ی ماچ کرد، دایکی هه‌ناسه‌ی سوار بوو و به بێده‌نگی سه‌ری نایه‌وه. له‌و ساته‌وه ئیتر هه‌موو شه‌وێک باوکی ده‌رۆیشته کافه موسیۆ ئارتێزرۆنی و عاره‌قی ده‌خوارده‌وه. موسیۆ ئارتێزرۆنی به‌گزاده‌یه‌کی هه‌رمه‌نی بوو، ئه‌و ساڵانه هه‌موو یان به‌گزاده بوون یان دێهاتی.
چاکسازی زه‌ویوزار رووداوێکی فه‌رامۆشکراو بوو، به‌و حاڵه‌شه‌وه جاری وابوو رهعیهتهکان تای برینج و تای گوێزیان به دیاری دێنا. ساراتێل نه‌یده‌توانی به ڕێدا نه‌ڕوا. شه‌وانه که ده‌خه‌وت، گوێی له چرکه‌چرکی کاتژمێره‌کان نه‌ده‌بوو، بۆیه هه‌ستی به پیربوون ده‌کرد. ده‌یزانی رۆژێکیش باوکی به‌خاک ده‌سپێرێ، ئه‌گه‌ر به ئه‌و بوایه کارێکی ده‌کرد کاتژمێره‌کان له زه‌نگ لێدان بکه‌ون. له‌و ساڵانه‌دا له هه‌ر ماڵێکی ئه‌م ئێرانه که پێیان ده‌کووت دوورگه‌ی هێمنی به دیواری هه‌ر ماڵێکه‌وه کاتژمێریکی پاندۆلدار له قوتوولکهیهکی داریندا به دیواره‌وه هه‌ڵواسرابوو.
دینگ دینگ دینگ
دینگ دینگ دینگ
دینگ دینگ دینگ
هه‌ر له‌و ساڵه بێ قرموقاڵانهدا بوو نیوه‌شه‌وێک له شهوانیهاوین، باوکی له کافه موسیۆ ئارتێزرۆنی به‌ره‌و ماڵێ نه‌گه‌ڕاوه. به‌هه‌شتی زه‌هرایان¹ تازه ساز کردبوو، ساراتێل باوکی له ناو گۆڕێک له‌و گۆره تازانه‌ی به‌هه‌شتی زه‌هرادا نێشت و به پێیان تا لاله‌زار چوو و له‌وێ له سینه‌مایه‌کی لاله‌زار له سه‌ر شانۆ ده‌ستی کرد به کایه کردن، ئه‌و رۆلی کچۆله‌یه‌کی ده‌گێڕا ئه‌گه‌رکوو بۆ تاوێکیش بوێستێ پاندۆلی کاتژمێره‌کانیش ده‌ستبه‌جێ له جووڵه ده‌که‌ون.
ئه‌و رۆژه‌ی وا حه‌میدی ئه‌شره‌ف² له نارمه‌ک سه‌رگه‌ردان بوو، ساراتێلیش که‌م تا کورتێ له‌و ده‌ورووبه‌ره خه‌ریکی شه‌وگه‌ڕی بوو. ژنه بلیت فرۆشه‌که‌ی تیاتری لاله‌زار ئه‌وی به کچی خۆی قه‌بوول کردبوو، به‌و حاله‌شه‌وه نه‌کرا درێژه به ڕێگه‌ی زڕدایکه‌که‌ی بدا. شۆڕش کرا و کاتێ شۆڕشگێڕان سوپاخانهی حیشمهتییهیان تاڵان کرد، ساراتێل هێنده نه‌بوو له‌و رۆڵه‌ی وا هه‌میشه ده‌یگێڕا ببۆوه، که له لاله‌زاره‌وه چوو به‌ره‌و شهقامیموعهلیم و له شهقامیموعهلیمیشهوه خۆی گه‌یانده بنکه‌ی حیشمهتییهو به تفه‌نگێکی ژێ ۳ به‌ره‌و ماڵێ گه‌ڕاوه. ئه‌وشه‌وه تا به‌یانی خه‌وت و کاتێ له خه‌و هه‌ستا، هه‌موو شتێ گۆڕدرابوو، ساراتێل ئه‌مجار گۆرانی “ئافتابکارانی جه‌نگه‌ڵی”³ له به‌ر خۆیه‌وه ناره‌نار ده‌کرد.
ئه‌ویش چه‌کدار بوو
ئه‌ویش هه‌نێ جار له‌چکه‌ی سووری له‌سه‌ر ده‌کرد
ئه‌ویش چوو بۆ کوردستان و شه‌ڕی کرد
ئه‌ویش بریندار بوو
ئه‌ویشیان کاتێ له کوردستان ده‌گه‌ڕاوه له سه‌ر پرده دارینه‌که ده‌ستبه‌سه‌ر کرد.
ئه‌ویشیان بۆ سوپاخانهی عیشرهتئاوا و له‌وێشه‌وه بۆ ئێوین راگوێزا.
ساراتێل هه‌رچی به پشکێنه‌ره‌که‌ی ده‌وت ئه‌وه تووکونهزایهکی هه‌تاهه‌تایه و ئه‌و جه‌نگاوه‌رێکی تووک لێکراوه ده‌بێ ئازاد بێت و به‌ڕێدا بڕوا ده‌نا کاتیش له رۆیشتن ده‌که‌وێ، ته‌وفیری نه‌بوو. ئاوابوو که شه‌ش ساڵی ره‌به‌ق بۆی خه‌وت. ئهختوچاریان کرد نه‌یانتوانی له خه‌وی هه‌ستێنن. هه‌ر بۆیه له زیندان وه‌ده‌ریان نا. کاتێ ساراتێلیان له ئێوین وه‌ده‌رنا، ده‌تکووت هه‌موو له خه‌وێکی چه‌ند ساڵه راپه‌ڕیون. ساراتێل بۆ هه‌ر کوێ ده‌چوو، به‌سه‌ر خوێندا هه‌نگاوی ده‌نا و ده‌ستی له هه‌رچی ده‌دا شه‌ڵالی خوێن بوو. چوو بۆ زانکۆ به‌ڵام له زانکۆش ده‌ریان کرد. ناعیلاج به پێیان به‌ره‌و شاخ چوو له وێشه‌وه به‌ره‌و ئه‌سته‌مبوول
له ئهستهمبوولهموه به‌ره‌و ستۆکهۆلم
له ستۆکهۆلمه‌وه به‌ره‌و به‌رلین
له به‌رلینه‌وه به‌ره‌و کۆڵن
له کۆڵنه‌وه به‌ره‌و نیۆیۆرک و
له نیۆیۆرکه‌وه به‌ره‌و لۆسانجلێس.
له‌و ساڵانه‌دا له کۆڵانی وێستوود خه‌ڵکی ژنێکیان ده‌دیت که له تولحی به‌یانییه‌وه هه‌تا تاریکان شه‌قامه‌کانی ده‌پێوی، نه‌هار و شامیله پاشماوه‌ی کهبابییهکان ده‌خوارد و له “داون تاون”، له گوزه‌ری تریکۆفرۆشییهکان هه‌رچی سه‌رهه‌نگ و سه‌رتیپی کارکه‌نار و هه‌رچی شۆفیرتاکسی ئێرانی بوو باشیان ده‌ناسی: ژنێک که به ڕێدا ده‌ڕوا و ئاراواقارای لێبڕاوه و پێیوایه جه‌نگاوه‌رێکی تووک لێکراوه. به‌ڵام ئه‌و خۆی گه‌یانده نیۆیۆرک و له نیۆیۆرکیشه و به‌ره‌و پاریس. ئیسته له پاریس به‌م کاتی شه‌وه، له کۆڵانی شازده‌وه به‌ره‌و دارستانه‌کانی بۆلۆنی ده‌ڕوا.
ساراتێل ئاریکاری کۆمه‌ڵایه‌تی نییه، ژنێکی له‌ش فرۆشیش نییه، ته‌نیا ژنێکی له پێ که‌وتوو و تووک کراوه.
له پاریس به‌فر ده‌بارێ.
حه‌وتی ئێواره‌یه و هه‌وا پێنج پله له ژێر سیفره.
ساراتێل ده‌زانێ که تا نیوه‌شه‌و هه‌وا ده‌گاته ده پله ژێر سیفر. ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌زانێت که زۆری نه‌ماوه بۆ نیوه‌شه‌و و ئه‌گه‌ر له پێ نه‌که‌وێ، تا نیوه‌شه‌و حه‌تمه‌ن خۆی دهگهیهنێتیه دارستانه‌کانی بۆلۆنی. پاشان پاڵ به دره‌ختێکه‌وه ده‌دات، پێلووکانی وێک ده‌نێ و بۆ تاوێک سه‌یری ئاسمانی سوور ده‌کا و وه‌ک ده‌یان کارتۆن خهویتر دهمرهێ.
¹- گه‌وره‌ترین گۆڕستانی ئێرانه که له باشوری تاران هه‌ڵکه‌وتووه
²- له رێبه‌رانی چریک فیدایی خه‌لقی ئێران بوو.
³- یه‌کێک له سرووده‌کانی سهردهمیشۆرش بوو که له لایه‌ن سازمانی چریک فیداییه‌وه بڵاو کراوه.
ژیان و مه‌رگی ساراتێل/ حسێن نووش ئازه‌ر/ و: ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب
